عێراقچی: ئیمارات لەم شەڕەدا لە پاڵ ئەمریکا و ئیسرائیل وەستا
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی باڵای دیپلۆماسیی ئێران لە کۆبوونەوەی وڵاتانی گرووپی (برێکس) هێرشی تووند دەکەنە سەر ئیمارات و بە هاوکاریی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی تاران تۆمەتباری دەکەن. عەباس عێراقچی دەڵێت، ئیمارات لە جەنگی 40 رۆژەدا لە بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل وەستا و بەوەش بووەتە "دەستدرێژیکار" بۆ سەر ئێران.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، شەوی پێنجشەممە لەبارەی گرژییەکانی نێوان تاران و ئەبوزەبی، لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی برێکس لە نیودەلهی-ی پایتەختی هیندستان رایگەیاند: "بۆ هەموو ئامادەبووانی ناو کۆبوونەوەکە سەیر بوو کە نوێنەری ئیمارات هیچ بابەتێکی نەبوو جگە لە باسکردنی پرسی جەنگ و ئەو وەڵامانەی کە ئێران لە ناو خاکی ئەو وڵاتەدا بە ئەمریکای دابووەوە."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئیماراتی بەوە تۆمەتبار کرد کە چووەتە بەرەی نەیارانی وڵاتەکەی و گوتی: "ئیمارات لەم جەنگەدا لە تەنیشت ئەمریکا و ئیسرائیل وەستا. ئێمە نەماندەویست بۆ پاراستنی یەکڕیزی و یەکگرتوویی برێکس بچینە ناو ئەم باسانەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی نوێنەری ئیمارات ئەم بابەتانەی وروژاند، ناچار بووین راستییەکان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاشکرا بکەین."
عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد کە هۆشداریی داوەتە بەرپرسانی ئیمارات و گوتی: "بە نوێنەری ئیماراتم راگەیاند، رژێمی زایۆنی و ئەمریکا ناتوانن ئاسایش بۆ ئێوە بەدی بهێنن."
لەلایەکی دیکەوە، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، لە هەمان کۆبوونەوەدا بە زمانێکی تووندتر قسەی کرد و ئیماراتی بە "بەشێک لە جەنگەکە" ناوبرد.
غەریبئابادی گوتی: "ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی رۆڵێکی بەرچاوی لە پشتگیریکردن و ئاسانکاری بۆ دەستدرێژیی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران گێڕاوە. بۆیە لایەنێک کە خۆی لە دروستکردن و تووندکردنەوەی گرژییەکاندا بەشدار بێت، شەرعیەتی ئەوەی نییە تۆمەتی سیاسی ئاراستەی ئێران بکات."
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە پشتبەستن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئیماراتی بە "دەستدرێژیکار" وەسف کرد و گوتی: "بڕیارنامەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی 1974 دەرچووە، ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر وڵاتان ئاسانکاری و خزمەتگوزاری بۆ دەستدرێژیکاران دابین بکەن، ئەمە تەنیا هاوکاری نییە، بەڵکو ئەم کارە یەکسانە بە دەستدرێژی؛ کەواتە ئیمارات دەستدرێژیکارە، نەک تەنیا هاوکارێکی دەستدرێژیکاران."
لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناو خاکی ئیمارات، غەریبئابادی گوتی: "ئێمە وڵاتێکی بەهێز و خاوەن گەلێکی پڕ لە شانازین و نەماندەتوانی تەماشاکەری بەئامانجگرتنی خەڵک و ژێرخانەکانمان بین بە بەشداریی یەکێک لە دراوسێکانمان کە ئیماراتە. هیچ چارەیەکی دیکەمان نەبوو جگە لەوەی هێرش بکەینە سەر هەموو دامەزراوە و بنکەکانی ئەمریکا لە ئیمارات. ئەمە بەرگریی رەوا بوو لە چوارچێوەی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا."
ئەم لێدوانە تووندانەی بەرپرسانی تاران لە دژی ئەبوزەبی لە کاتێکدایە، کە لە دوای جەنگی 40 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، پەیوەندییەکانی ئێران و ئیمارات ئاڵۆزی زیاتریان تێکەوتووە و کێشەکانی نێوانیان قووڵتر بوونەتەوە.