رێکخراوە پیشەییەکانی ئێران: زیانێکی زۆر بە ژێرخانی ئینتەرنێت کەوتووە

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی ژووری رێکخراوە پیشەییەکانی ئێران دەڵێ، هەروەک چۆن زیان گەیشتن بە ژێرخانەکان وەک پرد و هێڵەکانی شەمەندەفەر جێگەی نیگەرانییە، دەکرێ تێکچوونی ژێرخانی پەیوەندییەکان و ئینتەرنێتیش زیانێکی گەورە بە بواری کار و بازرگانی بگەیێنێت.
 
مەهدی ئومیدوار، گوتەبێژی ژووری رێکخراوە پیشەییەکانی ئێران، رۆژی هەینی، لە گفتوگۆیەک لەگەڵ میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی دارایی کارە ئۆنلاینەکان گەیشتووەتە 2 هەزار و سەد هەزار ملیار تمەن(11 ملیار و 667 ملیۆن دۆلار)، بەڵام پچڕان و ناجێگیریی ئینتەرنێت زیانی گەورەی بە ئابووریی دیجیتاڵی، کارە نێوخۆییەکان، پیشەی دەستی و کەرتی گەشتوگوزار گەیاندووە و پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئابووریی سست کردووە.
 
مەهدی ئومێدوار رایگەیاند، ئینتەرنێت لە ئامرازێکی پەیوەندییەوە بووەتە بنەمای سەرەکیی چالاکیی هەزاران کار، بۆیە هەر جۆرە پچڕانێک لە تۆڕەکەدا راستەوخۆ کار دەکاتە سەر ئاڵوگۆڕی دارایی بازاڕ و چالاکیی کۆمپانیا ئۆنلاینەکان کە ئێستا بەهۆی ناجێگیریی هێڵەکانەوە گلەیی و گازندەی زۆریان لەسەرە.
 
ئومێدوار ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا لە ساڵی رابردووی هەتاویدا (21-3-2025 تاوەکو 21-3-2026) نزیکەی 10 هەزار شوێن لە بواری کاری ئۆنلایندا تۆمارکراون، ئەمەش جگە لەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتییانە کە بێ مۆڵەت و بە شێوەی سەربەخۆ لە ماڵەکانیاندا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە کاردەکەن و بژێوییان بەندە بە بوونی هێڵێکی جێگیرەوە.
 
ئومیدوار تیشکی خستە سەر کێشەی بەکارهێنەرانیش و گوتی، "تەنیا بوونی ئینتەرنێت بەس نییە، چونکە کاتێک کڕیار ناتوانێت بە شێوەیەکی گونجاو دەستی بە تۆڕەکە رابگات، توانای سوودوەرگرتن لەم بەشە ئابوورییە گرنگە لەنێو دەچێت و بەشێک لە کۆی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی وڵات رووبەڕووی زیانی جیدی دەبێتەوە". 
 
گوتەبێژی ژووری رێکخراوە پیشەییەکانی ئێران باسی لە زیانەکانی پچڕانی ئینتەرنێت لە بوارەکانی دیکەش وەکو بواری گەشتوگوزار کرد و گوتی:"نەبووونی ئینتەرنێت پچڕانی هێڵەکان کەرتی گەشتوگوزاریشی گرتووەتەوە و کاتێک گەشتیار نەتوانێت پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکان بەکاربهێنێت، خزمەتگوزارییەکان پەکدەکەون". 
 
مەهدی ئومیدوار روونیکردەوە کە زیانە راستەقینەکان زۆر لە ئامارە فەرمییەکان گەورەترن، چونکە زۆربەی فرۆشیارانی ئۆنلاین، کارمەندانی پیشەی دەستی و کارە نێوخۆییەکان مۆڵەتی فەرمییان نییە و ناویان لە هیچ شوێنێک تۆمارنەکراوە.
 
ئومێدوار کاریگەری شێواندنی ژێرخانی ئینتەرنێتی بە تێکدانی پرد و هێڵی شەمەندەفەر چواند، بەو پێیەی ئینتەرنێتیش راستەوخۆ کار دەکاتە سەر بەشێکی گەورەی بازاڕ و تەنیا سنووردار نییە بە چەند کۆمپانیایەکی دیاریکراو؛ داواشی لە حکومەت کرد پشتگیریی پیشەوەران و هاووڵاتییان بکات و هێڵێکی کراوەتر و جێگیرتر بۆ کارە ئۆنلاینەکان دابین بکات تاوەکو چالاکی و بەرهەمهێنانی سامان بۆ بازاڕ بگەڕێتەوە.
 
77 رۆژ بەسەر بڕانی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی لە سەرانسەری ئێران تێدەپەڕێت. 
 
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی پەیوەندییەکانی ئێران، بۆردوومانەکان زیانی 440 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری بە ژێرخانی بازرگانی دیجیتاڵی گەیاندووە. 385 ملیۆنی زیانەکە بە کەرتی حکومی گەیشتووە؛ پەنجا و پێنج ملیۆن و 500 هەزار دۆلار زیان بە ژێرخانی دیجیتاڵی کەرتی تایبەت کەوتووە.