میدیای فەرمیی ئێران کوژرانی سەرۆکی دەزگای ئیتلاعاتی پاسدارانی پشتڕاستکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئێران کوژرانی سەرۆکی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی پشتڕاستکردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم و ئیسنای ئێران، هەواڵی کوژرانی محەممەد کازمی، سەرۆکی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی لەلایەن ئیسرائیلەوە راگەیاند.
لەگەڵ کازمیدا، هەریەکە لە حەسەن موحەقیقی جێگری و فەرماندە موحسین باقری لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون.
هەر ئەمڕۆ، 15ـی حوزەیرانی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی عەمید محەممەد کازمی، بەرپرسی هەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئێران و جێگرەکەی، جەنەڕاڵ حەسەن موحەقیقی کوشتووە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەوبارەیەوە رایگەیاند، "دەتوانم پێتانبڵێم کە ئێمە بەرپرسی هەواڵگرییەکەیان و جێگرەکەیمان لە تاران کوشت."
هەروەها نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوەکرد، دەکرێت ئەنجامی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە، گۆڕینی دەسەڵات بێت و گوتیشی، "ئیسرائیل هەرچی پێویست بێت دەیکات بۆ لەنێوبردنی ئەو هەڕەشانەی لەسەری بوون کە لەلایەن تارانەوە دروستکراون."