عەباس عێراقچی: رژێمی زایۆنی هیچ سنوورێک لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ خۆی دانانێ
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنەی تووند لە ئیسرائیل دەگرێ لە بەرامبەر دەستپێکردنی ئەو جەنگەی ئێستا هەیە و دەڵێت: "هێرشی قەوارەی زایۆنی کاتێک دەستی پێکرا، ئێمە لە نێوەڕاستی دانوستاندن بووین لەگەڵ ئەمریکا".
رۆژی یەکشەممە 15-6-2025 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتان لە تاران لەبارەی جەنگی ئێستای نێوان سوپای وڵاتەکەی و ئیسرائیل قسەی کرد و گوتی: "رژێمی ئیسرائیل هیچ سنوورێک لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ خۆی دانانێت".
عەباس عێراقچی گوتیشی: "رژێمی زایۆنی هێڵێکی سووری نوێی لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بەزاند، ئەویش هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان بوو".
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها رایگەیاند: "سوپاسی باڵیۆزی هەموو ئەو وڵاتانە دەکەم کە ئەم هێرشەیان سەرکۆنە کرد، هەڵبەتە وڵاتانێک هەبوون کە بانگەشەی شارستانییەت و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکەن، بەڵام لەبری سەرکۆنەکردنی ئیسرائیل، ئێرانیان بە دەستدرێژی تۆمەتبار کرد".