سێ رۆژ لە تاران کرایە پشوو

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری تاران دەڵێت، تاوەکو رۆژی چوارشەممە لە دامودەزگا حکومییەکانی تاران پشووە.
 
محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری تاران رایگەیاند، "لە رۆژی یەکشەممە تاوەکو چوارشەممە لە سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەت، دامەزراوە پەروەردەییەکان، قوتابخانە و زانکۆکانی پارێزگاکە پشووە."
 
پارێزگاری تاران گوتی، "ئەم پشووە بانکەکان، دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و نەخۆشخانەکان ناگرێتەوە."
 
هاوکات سەرجەم زانکۆکان بەڕیوەچوونی تاقیکردنەوەکانیان دوو هەفتە دواخست.
 
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 13-06-2025 ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر ئێران دەستپێکرد و کەمتر لە 20 کاژێر دوای ئەوە، ئێرانیش لە رێگەی مووشەکەوە دەستی بە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل کرد.
 
شەوی رابردووش هێرشی هەردوولا بۆسەر یەکدی گەورەتر و کاریگەرتر بوو لە هێرشی شەوی پێشتر.