ئیسفەهان: هێرش کرایە سەر ناوەندێکی وەزارەتی بەرگری

رووداو دیجیتاڵ

جێگری پارێزگاری ئیسفەهان بۆ کاروباری ئاسایش دەڵێت، هێرشکراوەتە سەر ناوەندێکی وەزارەتی بەرگری لە پارێزگاکە، بەڵام هێشتا قەبارەی زیانەکان دیار نین.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، ئەکبەر ساڵحی، جێگری پارێزگاری ئیسفەهان بۆ کاروباری ئاسایش رایگەیاند: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە لایەن رژێمی زایۆنییەوە هێرش کرایە سەر ناوەندێکی وەزارەتی بەرگری لە پارێزگای ئیسفەهان."
 
ئەکبەر ساڵحی گوتی: "زیانی هێرشەکە تاوەکو ئێستا دیار نییە و تیمە پسپۆرەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە."
 
ئەکبەر ساڵحی  ئاماژەی بەوەشکرد: "پێویستە خەڵک خۆیان لە کۆبوونەوە لەو ناوچانەی هێرشیان کراوەتە سەر بەدوور بگرن، بۆ پاراستنی خۆیان و ئاسانکاری بۆ تیمەکانی فریاگوزاری تاوەکو کارەکانیان راپەڕێنن."
 
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 13-06-2025 ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر ئێران دەستپێکرد و کەمتر لە 20 کاژێر دوای ئەوە، ئێرانیش لە رێگەی مووشەکەوە دەستی بە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل کرد.
 
شەوی رابردووش هێرشی هەردوولا بۆسەر یەکدی گەورەتر و کاریگەرتر بوو لە هێرشی شەوی پێشتر.