ئێران: فڕۆکەخانەکان بە داخراوی دەمێننەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت: "سەرجەم فڕۆکەخانەکان لە ئێران تاوەکو کاتێکی نادیار بە داخراوی دەمێننەوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە جارێ دەستپێناکەنەوە.
فاتمە مهاجرانی گوتی، "بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران و خەڵک، گەشتەکان لە هیچ فڕۆکەخانەیەکەوە دەستپێناکەنەوە."
مهاجرانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات سەردانی فڕۆکەخانەکەن نەکەن تاوەکو لە رێگەی میدیاکانەوە ئاگادار دەکرێنەوە.
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 13-06-2025 ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر ئێران دەستپێکرد و کەمتر لە 20 کاژێر دوای ئەوە، ئێرانیش لە رێگەی مووشەکەوە دەستی بە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل کرد.
دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە بەرەبەیانیی رۆژی هەینی، گەشتە ئاسمانییەکان لە ئێران راگیران.
شەوی رابردووش هێرشی هەردوولا بۆسەر یەکدی گەورەتر و کاریگەرتر بوو لە هێرشی شەوی پێشتر.