میدیای ئێران دەڵێت، ئیسرائیل باڵەخانەیەکی سڤیلی لە تاران کردووەتە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل لە گەڕەکێکی تاران باڵەخانەیەکی سڤیلنشینی کردووەتە ئامانج.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دوو ئاژانسی نیمچە فەرمی هەواڵیی ئێران (تەسنیم و ئیسنا) بڵاویانکردەوە، رژێمی زایۆنی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی بلواری کشاوەرز کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە چەندین کەس بریندار بوون کە سەرجەمیان سڤیلن و لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن.
میدیای ئێران دەڵێت: ئەو گەڕەکەی بۆردوومان کراوە سڤیلنشین بووە و یەکێک لە باڵەخانەکان بەشە ناوخۆیی بووە بەڵام پێشتر چۆڵکراوە.
دوای رووداوەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاکەوتن چوونە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد و بریندارەکانیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانە.
لە بۆردوومانەکەدا چەند باڵەخانەیەک و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل زیانی زۆریان بەرکەوتووە.