کچە کوردێک دوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی تاران جەڵتە لێی دەدات
رووداو- هەولێر
پزیشکەکان لە گەڕانەوەی ئەو کچە کوردە بۆ ژیان بێهیوابوون کە دوو رۆژ لەمەوبەر لە بنکەیەکی پۆلیسی تاران جەڵتە لێیدا.
هێزەکانی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی لە تاران ئێوارەی رۆژی سێشەممە 13/09/2022 لە وێستگەی حەقانیی میترۆی تاران کچێکی کوردی تەمەن 22 ساڵانی خەڵکی سەقزیان بە ناوی ژینا یان مەهسا ئەمینییان دەستبەسەرکرد و دوای کەمتر لە دوو کاژێر لە دەستبەسەرکردنی، جەڵتە لێیدا.
سەفا، خاڵی ژینا رۆژی پێنجشەممە 15-9-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژینا رۆژی دووشەممە لەگەڵ خێزانەکەی بۆ سەردانی خزمەکانیان چوونە تاران و ئێوارەی سێشەممە لەگەڵ براکەی چووەتە دەرەوە، بەڵام دوای دەستبەسەرکردنی، جەڵتە لێیداوە و ئێستا لە کۆمادایە و پزیشکەکان گوتوویانە، هیوایان بە گەڕانەوەی بۆ ژیان نییە.
بەگوتەی سەفا، سکاڵایان لەسەر پۆلیس تۆمارکردووە و داواکاریی گشتیی تاران سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەو رووداوە.
کیاڕەش ئەمینی، برای ژینا کە لەکاتی دەستبەسەرکردنی لەگەڵیدا بووە، بە میدیاکانی راگەیاندووە، لەگەڵ ژینادا ژمارەیەک ژنی دیکەش دەستبەسەرکراون و هێزەکانی پۆلیس پێیان راگەیاندوون کە دەبردرێنە گرتووخانەی کاتیی وەزیرانی تاران و دوای پێدانی کۆمەڵێک رێنوێنێ لەبارەی شێوازی جلوبەرگ و دەرکەوتنیان لە شوێنی گشتی و وەرگرتنی بەڵێننامەی پابەندبوون بە رێنماییەکانی باڵاپۆشی، ئازادیان دەکەن، بەڵام دوای ئەوەی ژنانی دیکە ئازادکراون، ژینا نەهاتووەتەدەرەوە و هێزەکانی پۆلیس پێیان راگەیاندووە، خوشکەکەی جەڵتەی دڵ لێیداوە و بردراوەتە نەخۆشخانەی کەسرا.
میدیا فارسی زمانەکان لە زاری چەند کەسێک لەوانەی دەستبەسەرکرابوون بڵاویانکردووەتەوە، لە رێگەی گواستنەوەیان بۆ بنکەی پۆلیس، دەمەقاڵێ لەنێوان پۆلیس و دەستبەسەرکراوان روویداوە و هێزەکانی پۆلیس لەنێو ئۆتۆمبێل لە ژینا ئەمینییان داوە. ئەو کەسانە هەروەها رایانگەیاندووە، دوای تێکچوونی تەندروستیی ژینا، هێزەکانی پۆلیس خێرا فریای نەکەوتوون و درەنگ گواستوویانەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
پۆلیسی تاران ئەمڕۆ پێنجشەممە راگەیێندراوێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و پشتڕاستی دەکاتەوە کە ژینا ئەمینی دوای دەستبەسەرکردن، لە بنکەی پۆلیس تووشی ئەو دۆخە هاتووە و دەڵێت: "دوای ئەوەی بۆ رێنوێنی پێدان بردراوەتە بنکەیەکی پۆلیس، لەوێ لەپڕا جەڵتەی دڵ لێیداوە و دەستبەجێ رەوانەی نەخۆشخانە کراوە".