پزیشکیان واژۆی لەسەر یاسای "تووندکردنی سزای سیخوڕی" کرد


رووداو دیجیتاڵ

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ئەمڕۆ واژۆی لەسەر دوو یاسای "تووندکردنی سزای سیخوڕی" و "رێکخستنی درۆنە ناسەربازییەکان" کرد و دامودەزگە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ جێبەجێ کردنیان.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2025، نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بڵاویکردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، واژۆی لەسەر هەردوو یاسای "تووندکردنی سزای سیخوڕی" و "رێکخستنی درۆنە ناسەربازییەکان" کرد، کە پێشتر لەلایەن پەرلەمان و ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری وڵاتەکەوە پەسندکراون و دامودەزگە پەیوەندیدارەکانی راسپارد یاساکان جێبەجێ بکەن.
 
هەردوو یاساکە لە 23ی حوزەیرانی 2025، لە پەرلەمانی ئێران پەسندکرابوون و ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووریش لە 1ی تشرینی یەکەمی 2025 رەزامەندی لەسەر هەردوو یاساکە دەربڕیبوو.
 
بەگوێرەی یاسای "تووندکردنی سزای سیخوڕی"، هەر جۆرە چالاکییەکی هەواڵگری و سیخوڕی یان کردەوەی مەیدانی بۆ حکومەت و گرووپە دوژمنکارەکان سزای لەسێدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی داراییەکانی بەدوادا دێت.
 
لە یاساکەدا، ئەمریکا و ئیسرائیل بە دوو "وڵاتی دووژمنکار" دانراون و ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە، حکومەت و گرووپە دوژمنکارەکانی دیکە دەستنیشان بکات. وەزارەتی ئیتلاعاتیش لە دیاریکردنی تۆڕە دوژمنکارە ناوخۆییەکان بەرپرسیارە.
 
بەپێی هەمان یاسا، ناردنی ڤیدیۆ و زانیاری بۆ کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانی دوژمنکار یان بیانی، کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئاسایشی نیشتمانی، سزای قورسی دەبێت.
 
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی یاسای "رێکخستنی درۆنە ناسەربازییەکان" لەمەودوا فڕینی هەموو جۆرە درۆنێک لە ئاسمانی ئێران قەدەخەیە و تەنیا بە تۆمارکردنی درۆنەکان لە سیستمێکی تایبەتدا رێگەیان پێدەدرێت بەکاربهێنرێن.
 
لە یاساکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کارپێکردنی هەر جۆرە درۆنێکی مەدەنی لە سەرانسەری ئێران بە بێ تابلۆ و ژمارەی تۆمارکراو بە نایاسایی دادەنرێت و سەرپێچیکاران لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت.
 
هەردوو یاساکە دوای جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، لە لایەن پەرلەمانی ئێرانەوە ئامادە و پەسندکران.