رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران: ئاژانس مافی نییە داوای چاودێریی بنکە بۆردوومانکراوەکان بکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم مافی ئەوەی نییە داوای چاودێریی بنکە بۆردوومانکراوەکانیان بکات.
رۆژی دووشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە تاران بە میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، "ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کە نە بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانمانی سەرکۆنە کرد و نە نەخشەڕێیەکی لەوبارەوە هەیە، مافی ئەوەی نییە داوای چاودێریی بنکە بۆردوومانکراوەکانمان بکات."
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران گوتی: "مۆڵەتمان بە ئاژانس داوە بۆ پشکنینی ئەو شوێنانەی هێرشیان نەکراوەتە سەر، بەڵام مەسەلەکە ئەو ناوەندانەن کە هێرشی سەربازییان کراوەتە سەر و دەبێ بۆ پشکنینی ئەو ناوەندانە پرۆتۆکۆلی تایبەت هەبێت."
بەهرۆز کەمالوەندی، گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێرانیش رایگەیاند، ئەو پشکنینانەی کە دوای هێرشە سەربازییەکان لە ناوەندە ئەتۆمییەکان دەکرێن، بە رەزامەندی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و بەپێی یاساکەی پەرلەمانە و تەنیا ئەو ناوەندانە دەگرێتەوە کە بۆردوومان نەکراون.
کەمالوەندی ئەوەشی خستەڕوو، بۆ پشکنین لەو ناوەندە ئەتۆمییانەی بۆردوومان کراون، پێویستە رێگە و رێوشوێنی دیکە بگیریتەبەر، چونکە بۆ دۆخی جەنگ هیچ پرۆتۆکۆلێک نییە و تاران چەندین جار هەڵوێستەکەی گەیاندووەتە ئاژانسی نێودەولەتی وزەی ئەتۆم.
گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران دەڵێت: "گوشارخستنە سەرمان بۆ ئەوەی رێگە بە چاودێریکردنیان بدەین، ناگاتە هیچ ئەنجامێک. ئاسایشی وڵات و دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان وا دەخوازێت کە ئێمە کارەکان بە هەستیاری و بەپێی یاسا بکەین، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی هیچ مەترسییەک لەسەر دامەزراوەکانمان دروست نابێت."
ئەمەش لە کاتێکدایە کە رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەڵەتیی وزەی ئەتۆم بە میدیای رووسیای راگەیاندووە، پشکنینەکانیان لە ئێران دەستپێکردووەتەوە، بەڵام دەستیان بە ناوەندە هەستیارە بۆردوومانکراوەکان راناگات.
رافائێل گرۆسی دەشڵێت، داوایان لە ئێران کردووە رێگە بە پشکنەرانی ئاژانس بدات سەردانی بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، ئیسفەهان و نەتەنز بکەن، کە لە 22ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ لەلایەن ئەمریکاوە بۆردوومان کران، بۆ دەستنیشانکردنی بڕی زیانەکان و چاودێریکردنی پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەیان، بەڵام تاوەکو ئێستا تاران رێگەی پێنەداون.