وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران دەچێتە پەرلەمان و پڕۆژەیاسای خۆپێشاندان تاوتوێ دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
میدیای فەرمیی ئێران رایدەگەیێنێت، هەفتەی داهاتوو وەزیری ئیتڵاعاتی ئەو وڵاتە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران و خستنەڕووی راپۆرتێک لەبارەی ناڕەزایەتییەکان، دەچێتە پەرلەمان. هاوکات باس لە پڕۆژەیاسایەک دەکرێت بۆ "پشتیوانی لە گردبوونەوەکان".
 
ئەمڕۆ هەینی، 16-01-2026، ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو 20ی کانوونی دووەم، ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بچێتە پەرلەمان.
 
بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری ئیتڵاعات راپۆرتێک لەبارەی دوایین دۆخی وڵات و خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە دەخاتەڕوو، هەروەها وەڵامی پرسیاری ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران دەداتەوە.
 
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی وەزیری ئیتڵاعات، تاوتوێکردنی "پرۆژەیاسای پشتیوانی لە گردبوونەوە و خۆپێشاندانەکانە بەپێی مادەی 27ی دەستووری ئێران".
 
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە، پەرلەمانی ئێران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاساکە کرد و کۆی گشتییەکەی پەسند کرد؛ بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا وردەکارییەکەی تاوتوێ بکرێت.
 
ئەم جووڵانەی پەرلەمان و حکومەتی ئێران لەکاتێکدایە، 20 رۆژ بەسەر دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکاندا تێدەپەڕێت کە رۆژی 28-12-2025 لە بازاڕی گەورەی تارانەوە دەستیپێکرد.
 
ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران ئاشکرای کردووە، لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانەوە تاوەکو ئەمڕۆ کوژرانی دوو هەزار و 677 کەس پشتڕاست کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لەبارەی کوژرانی هەزار و 693 کەسی دیکەش دەکرێت.
 
هەمان سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو ئێستا 19 هەزار و 97 کەس بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.