موحسین رەزایی بۆ ئەمریکا: نەکشێنەوە هیچ بنکەیەکی سەربازیتان پارێزراو نابێ

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران هەڕەشە لە دۆناڵد ترەمپ دەکات، ئەگەر دەستبەرداری وڵاتەکەی نەبن، هیچ بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە پارێزراو نابێ. دەشڵێت، پەنجەی سەرۆکی ئەمریکا دەبڕن، ''ئەگەر دژ بە ئێران لەسەر پەلاپیتکە بێت''.
 
شەوی پێنجشەممە 16-01-2026، موحسین رەزایی، ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا هەڕەشەی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران، ئەم جارە هاوشێوەی جەنگی 12 رۆژەی تاران و تەلئەڤیڤ، ''داوا''ـی ئاگربەست قبووڵ ناکەن.
 
موحسین رەزایی ئاماژەی بە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ کرد بۆ پاڵپشتیی خۆپێشاندەرانی ئێران و گوتی، ''دۆخی وڵات هەستیارە و دەبێ هۆشیار بین. ترەمپ گوتوویەتی [بۆ لێدان لە ئێران] پەنجەی لەسەر پەلاپیتکەیە، ئێمە دەست و پەنجەی پێکەوە دەبڕین.''
 
ئەو فەرماندەیەی پێشووی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کرد، هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ کاریگەرییان لەسەر ئێران نابێت، ''ئێمە دوای 200 ساڵ یەکەم جارە گەیشتووینەتە ئەو توانا و هێزە.''
 
ماوەی 20 رۆژە خۆپێشاندان و ناڕەزایی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. چەند جارێک سەرۆکی ئەمریکا لە گوتار و نووسینەکانیدا لە تروس سۆشیال ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان پاڵپشتی لە خۆپێشاندەرانی ئێران و داخوازییەکانیان دەکەن و بە تووندترین شێوە وەڵامی تووندوتیژی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیش لە دژی خۆپێشاندەران دەدەنەوە.
 
موحسین رەزایی گوتی، ''هەرچەندە دانبەخۆداگرتنی ستراتیژی دەگرینەبەر، سەرنج نادەن. لێرەوە [هەڕەشەکان] رابگرن. چونکە نەکشێنەوە، هیچ بنکەیەکی سەربازیتان لە ناوچەکە پارێزراو نابێت.''
 
لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025ـوە ناڕەزایی و خۆپێشاندان دژی گرانی و دابەزینی نرخی تمەن لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دەستیپێکرد و دواتر سەرجەم پارێزگاکانی ئێرانی گرتەوە و لە زۆربەی شارەکاندا گرژی تێکەوت.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا)، لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە تاوەکو کۆتایی رۆژی 19ـیەم، کوژرانی دوو هەزار و 677 کەس پشتڕاستکراوەتەوە کە 16ـیان منداڵن و 163ـیان هێزی ئەمنی و کەسانی سەر بە حکومەتن.
 
هەر بەگوێرەی ئامارەکە، بەدواداچوون بۆ پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی هەزار و 693 کەسی دیکەیش دەکرێ.