مافی مرۆڤی ئێران: زیاتر لە 3,000 خۆپێشاندەر کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایدەگەیێنێت، لە ماوەی سێ رۆژدا هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە دۆشکە و بیکەیسی رووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەتەوە و "کۆمەڵکوژی"یان کردوون. بەپێی ئامارەکانی رێکخراوەکەش سێ هەزار و 428 کەس کوژراون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کە بنکەی سەرەکی لە نەرویجە لە نوێترین راپۆرتیدا ئاشکرای کردووە کە لە رۆژانی 8 تاوەکو 11ی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی حکومەت خەڵکی ناڕازییان لەسەر شەقامەکان "کۆمەڵکوژ" کردووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەوەی لە ئێران هەیە "حوکمی سەربازییە" و "خۆپێشاندەران بەشێوەیەکی سیستماتیک دەکوژرێن". رێکخراوەکە دەڵێت: "بەڵگە و زانیاری وردمان لەبەردەستە کە دەیسەلمێنن حکومەتی ئێران بە پچڕانی ئینتەرنێت ویستوویەتی ئەو کۆمەڵکوژییەی مەبەستی بووە جێبەجێی بکات، بۆ ئەوەی دەنگیان نەبیسترێت."
سەبارەت بە ئاماری دەستبەسەرکراوان، راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە 20 هەزار خۆپێشاندەر دەستگیرکراون و "بەشێکی زۆریان مەترسیی سزای تووند، بەتایبەتی سێدارەیان لەسەرە."
مەحموود ئەمیریموقەدەم، بەڕێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت: "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ عەلی خامنەیی و بڕیاردەرانی دیکەی ئەم تاوانانە راپێچی دادگە بکات."
خۆپێشاندانەکان لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە بەهۆی گرانی و دابەزینی نرخی تمەن لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دەستیپێکرد، بەڵام خێرا تەشەنەی کرد بۆ پارێزگاکانی دیکە و دروشمەکان بۆ دژی دەسەڵات گۆڕان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار پاڵپشتیی خۆی بۆ خۆپێشاندەران دەربڕیوە و بە خەڵکی گوتووە "یارمەتی بەڕێوەیە"، هاوکات هەڕەشەی لە بەرپرسانی ئێران کردووە کە لە ئەگەری تەقەکردن لە خەڵک، "بە تووندترین شێوە لێیان دەدەن."
لەلایەکی دیکەوە محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینیی سوپای پاسداران لە وەڵامدا رایگەیاند: "بێگومان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو، بکوژی گەنجانی ئێران و پارێزەرانی ئاسایشی وڵاتن."
فەرماندەکەی سوپای پاسداران هۆشداریداوە کە لە ئەگەری هەر "هەڵەیەک" لەلایەن ئەمریکاوە، وەڵامی تووندیان دەبێت.