ناوەندی ئاماری ئێران رێژەی بێکاریی وەرزی پاییزی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی ئاماری ئێران رێژەی بێکاریی وەرزی پاییزی راگەیاند. بە گوێرەی ئامارەکە، زۆرترین رێژەی بێکاری لە پارێزگای خوزستانە و کەمترینیش لە پارێزگای خوراسانی رەزەوی.
ناوەندی ئاماری ئێران نوێترین راپۆرتی لەبارەی بێکاری لەو وڵاتەدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تێکڕای رێژەی بێکاری لەو وڵاتە لە پاییزدا 7.8٪ بووە.
بەپێی ئامارەکە، زۆرترین رێژەی بێکاری لە پارێزگای خوزستانە لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە و بێکاری تێیدا 12٪ بووە؛ هەروەها پارێزگاکانی گوڵستان و سیستان بەلووچستان لەڕووی بێکارییەوە لە پلەی دووەم و سێیەم دێن.
ناوەندەکە دەڵێت، کەمترین رێژەی بێکاری لە پاییزدا لە پارێزگای خوراسانی رەزەوی تۆمارکراوە و رێژەکەی 3.7٪ بووە.
ناوەندی ئاماری ئێران دەڵێت، لە ساڵێکدا 126 هەزار کەس کاریان لەدەستداوە و ژمارەی ئەو کەسانەش کاریان هەیە، بۆ 24 ملیۆن و 856 هەزار کەس دابەزیوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە پاییزدا زۆرترین ئەو کەسانەی بێکار بوون تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 24 ساڵ بووە و رێژەی بێکاری لەو تەمەندا 21.5٪ بووە، کە بەراورد بە پاییزی ساڵی پێشتر بە رێژەی 1.3٪ زیادیکردووە؛ هەروەها رێژەی بێکاری لە تەمەنی نێوان 18 بۆ 35 ساڵدا 15.9٪ بووە، کە بەراورد بە پاییزی پێشتر 1.6٪ زیادیکردووە.
بە گوێرەی ناوەندی ئاماری ئێران، زۆرترین کەس لەو وڵاتە لە کەرتی خزمەتگوزاری کاردەکەن بە رێژەی 53.2٪، کەرتی پیشەسازی بە رێژەی 33.2٪ و کەرتی کشتوکاڵیش بە رێژەی 13.6٪ لە ریزی دووەم و سێیەمدان.
ناوەندەکە خشتەیەکی بەراوردکاری رێژەی بێکاری تایبەت بە وەرزی هاوینی 2025ی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، رێژەی بێکاری لە ئێران لە وەرزی هاویندا 7.4٪ بووە کە بەراورد بە وەرزی بەهار 0.1٪ زیاتر بووە.
بە گوێرەی ناوەندەکە، لە وەرزی هاویندا بەرزترین رێژەی بێکاری لەسەر ئاستی ئێران، لە پارێزگای خوزستان بە رێژەی 10.6٪ و پارێزگای سیستان و بەلوچستان بە رێژەی 10.3٪ بووە.
ناوەندی ئاماری ئێران رایگەیاندووە، کەمترین بێکاری لەسەر ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە هاویندا لە پارێزگای ورمێ تۆمار کراوە کە رێژەکەی تەنیا 4.1٪ بووە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، زیاترین رێژەی بێکاری لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هاویندا لە پارێزگای ئیلام بووە کە رێژەکەی 10٪ بووە؛ لە پارێزگای کرماشان رێژەی بێکاری 9.8٪، لە لوڕستان 7.3٪ و لە سنە 6.9٪ بووە.