هرانا: کوژرانی 7015 کەس لە خۆپێشاندانەکانی ئێران پشتڕاست کراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ لە ئێران ئاشکرای دەکات، لە خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دا زیاتر لە 7 هەزار کەس کوژراون و زیاتر 53 هەزار کەسیش دەستگیرکراون. دەشڵێت، "هێشتا بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کوژرانی 11 هەزار کەسی دیکە دەکەن."
ئەمڕۆ دووشەممە 16ی شوباتی 2026، ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران ناسراو بە (هرانا) نوێترین راپۆرتی خۆی لەبارەی قوربانییانی خۆپێشاندانەکان بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، تاوەکو ئەمڕۆ کوژرانی 7015 کەس بە بەڵگەوە پشتڕاست کراوەتەوە، کە 226یان منداڵن؛ هەروەها 214 کوژراویش لە ریزەکانی هێزە ئەمنییەکانن.
هرانا لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، جگە لەو ژمارانەی پشتڕاست کراونەتەوە، ئێستا بەدواداچوون بۆ پرسی کوژرانی 11 هەزار و 744 کەسی دیکە دەکەن، کە هێشتا بەڵگەی تەواو لەبارەیانەوە کۆنەکراوەتەوە.
سەبارەت بە بریندار و دەستگیرکراوانیش، ئاژانسەکە رایگەیاندووە: "25 هەزار و 845 کەس برینداربوون کە برینی بەشێکیان سەختە؛ هەروەها 53 هەزار و 552 خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون."
ئەم ئامارانەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جیاوازییەکی زۆریان هەیە لەگەڵ ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران. رۆژی 21ی کانوونی دووەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران کۆی گشتیی قوربانیانی بە سێ هەزار و 117 کەس راگەیاند، کە بە گوتەی ئەوان، "دوو هەزار و 427ـیان خەڵکی بێتاوان و هێزە ئەمنییەکان بوون."
رۆژی 29ی کانوونی دووەمی 2026، نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران رایگەیاند، بە فەرمانی مەسعود پزیشکیان، ناسنامەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بڵاودەکرێتەوە. دواتر ئاژانسی فەرمیی ئیرنا ناوی 2986 کەسی لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ناوی 131 لە کوژراوەکان بەهۆی ئەوەی نەناسراونەتەوە، بڵاو نەکراوەتەوە.
خۆپێشاندانەکان رۆژی 28-12-2025 لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن دەستیپێکرد، بەڵام دواتر فراوان بوو و تووندوتیژی لێکەوتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، لە خۆپێشاندانەکاندا زیان بە 250 قوتابخانە، 300 مزگەوت، 90 حەوزەی عیلمییە و دوو هەزار و 221 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان گەیشتووە.