پێنجەم یاریزانی کچانی ئێران لە بڕیاری مانەوە لە ئوسترالیا پەشیمان بووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

پێنجەم یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی کچانی ئێران، کە پێشتر ڤیزای مرۆیی بۆ مانەوە لە ئوسترالیا وەرگرتبوو، ئەو وڵاتەی بەجێهێشت و بڕیارە بگەڕێتەوە ئێران.
 
نووسینگەی تۆنی بێرک، وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا رایگەیاند، ئەو یاریزانە نیوەشەوی یەکشەممە خاکی ئوسترالیای بەجێهێشتووە. بەمەش لەو حەوت ئەندامەی شاندەکەی ئێران کە سەرەتا داوای مافی پەنابەرییان کردبوو، تەنیا دوو کەسیان لە ئوسترالیا ماونەتەوە.
 
تۆنی بێرک ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی شەممەی رابردوو دوو یاریزان و ئەندامێکی ستافی کارگێڕی هەڵبژاردەکە لە سیدنییەوە بەرەو مالیزیا بەڕێکەوتوون.
 
هەڵبژاردەی کچانی ئێران مانگی رابردوو بە مەبەستی بەشداریکردن لە جامی ئاسیای کچان گەشتی ئوسترالیای کردبوو، ئەوەش پێش دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوبات.
 
لە کاتی گەڕانەوەی شاندە 26 کەسییەکەی ئێران لە 10ـی ئاداردا، شەش یاریزان و ئەندامێکی ستافی تەکنیکی رەتیانکردەوە بگەڕێنەوە و ڤیزای مرۆییان وەرگرت، بەڵام دواتر یەک لە دوای یەک لە بڕیارەکەیان پەشیمان بوونەوە.
 
ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی لەبارەی گەڕانەوەی ئەو یاریزانانە رایگەیاند، ئەو سێ کەسەی رۆژی شەممە ئوسترالیایان بەجێهێشتووە، "دەگەڕێنەوە بۆ باوەشی گەرمی خێزان و نیشتمانەکەیان".
 
ئێستا ئەو یاریزانانەی ئوسترالیایان بەجێهێشتووە، لە کوالالامپوری پایتەختی مالیزیان و بڕیارە لەوێوە بگەڕێنەوە تاران، لە کاتێکدا چارەنووسی ئەو دوو ئەندامەی دیکەی شاندەکە کە هێشتا لە ئوسترالیان، بە نادیاری ماوەتەوە.