سوپای پاسداران 55یەمین شەپۆلی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجامدانی 55یەمین شەپۆلی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 4"ی لە رێگەی مووشەکی "هایپەرسۆنیک" و درۆنی زیرەکەوە بۆ سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل لە تەلئەبیب و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە راگەیاند.
رۆژی دووشەممە، 16ی ئاداری 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەپۆلی 55یەمی ئۆپەراسیۆنەکە بە درووشمی"یا موسا بن جەعفەر" و بە یادکردنەوەی شەهید "محەممەد ئیبراهیم هیممەت" کردووە و تێیدا چەندین ئامانجی ستراتیژی لە ناو جەرگەی "ناوچە داگیرکراوەکان" (مەبەستی ئیسرائیلە) و بنکەکانی ئەمریکا کراونەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێرش کراوەتە سەر تەلئەبیب و فڕۆکەخانەی بێن گۆریۆن، بەتایبەتیش ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی چەکی سەربازیی ئاسمانیی و ناوەندەکانی پشتیوانی سووتەمەنیی فڕۆکە.
بەتایبەتیش "ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی چەکی سەربازیی ئاسمانی "سوپای پاسداران دەڵێت، بۆ ئەو هێرشانە مووشەکی خاڵپێکی "هایپەرسۆنیکی فەتاح"، مووشەکەکانی "عیماد و قەدر" و درۆنی خۆکوژیان بەکارهێناوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کە ناوەندەکانی سوپای ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی "زەفرە"، بنکەی دەریایی "جەفیر" و بنکەی ئاسمانیی "شێخ عیسا" کراونەتە ئامانج. بۆ ئەم هێرشانەش مووشەکەکانی مەودا مامناوەندی سووتەمەنی رەقی جۆری "فاتح، زولفەقار و دێزفوول" و درۆنی زیرەک بەکارهێنراون.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئۆپەراسیۆنەکە لە رۆژی 26ی مانگی رەمەزاندا ئەنجامدراوە و "بە سەرکەوتوویی ئامانجەکانی پێکاوە.
بەردەوامیی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئامانجە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان لە کاتێکدایە، شەڕی نێوان ئەو لایەنانە پێی ناوەتە رۆژی 17ـەیەمەوە.
لە رۆژی شەممە 28ی شوباتی 2026ەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی بەرفراوانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە، کە لە ئەنجامیدا چەندین بەرپرسی باڵای وڵاتەکە کوژراون، لەوانەش عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە وەڵامدا سوپای پاسدارانیش چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل.