فریاکەوتنی تاران: تەنیا لە شارەکە 503 کەس کوژراون و 5700 کەسیش بریندارن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی تاران دەڵێت، تیمەکانی فریاکەوتنی تاران لەپێناو کارەکانی ئاسایی خۆیاندا کە لەپێشتریش بوویان، خەریکی پێشکەشکردنی خزمەتن بە بریندارەکانی شەڕ.
محەممەد ئیسماعیل تەوەکولی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی تاران رایگەیاند، تیمەکانی فریاکەوتن لەو خاڵانەی کە لە تاران بۆردوومانکراون خزمەتگوزارییەکانیان بەردەوامە و بەهانای 5700 بریندارەوە چوون، 4700 برینداریش گوازراونەتەوە بۆ بنکە تەندروستییەکان. هەروەها دەشڵێت، لە پارێزگای تاران 503 کەس لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژراون.
بەپێی دوایین ئامارەکانی مانگی سووری ئێران، 42 هەزار و 914 یەکەی مەدەنی بۆردوومانکراوە و وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتەش دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران 1444 کەس کوژراون.
بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران چووەتە نێو رۆژی 17یەمەوە و لەلایەن هەر دوولاوە بەردەوامە. وڵاتانی ناوچەکەش کەوتوونەتە بەر هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران، بەڵام ئێران دەڵێت، تەنیا بنکەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانە دەکەنە ئامانج.