هەفتەی سێیەمی جەنگی ئێران؛ ترەمپ لەنێوان بژاردەی سەخت و 'ئێرانی بریندار'دا
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ چوونە ناو هەفتەی سێیەمی جەنگ لە دژی ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم دوو بژاردەی سەختدایە؛ یان بەردەوامبوون لە جەنگ تاوەکو پێکانی هەموو ئامانجەکان، یان راگەیاندنی سەرکەوتن و کشانەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، تاران سەرەڕای تێکشکانی بەشێکی زۆری هێزەکانی، بە "جەنگی ناهاوسەنگ" زیانی گەورەی بە ئابووریی جیهان گەیاندووە.
پاش تێپەڕبوونی 16 رۆژ بەسەر دەستپێکی هێرشەکاندا، پێنتاگۆن دەڵێت، باڵادەستیی تەواوی ئاسمانییان بەدەستهێناوە و زۆربەی کۆگاکانی مووشەک و هێزی دەریایی ئێرانیان لەناو بردووە، بەڵام بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، ئەمە نەبووەتە هۆی کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکان، چونکە تاران ئێستا پەنای بۆ هێرشی سایبەری، چاندنی مینی دەریایی و بەکارهێنانی میلیشیاکان بردووە.
تەنگەی هورمز و قەیرانی نەوت
تەنگەی هورمز بووەتە گەورەترین ئاڵنگاری بۆ ئیدارەی ترەمپ. بەهۆی بەکارهێنانی بەلەمی خێرا و مینی دەریایی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، کەشتیوانی لە تەنگەکەدا بە تەواوی پەکیکەوتووە، ئەوەش نرخی نەوتی گەیاندووەتە نزیکەی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
دۆناڵد ترەمپ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، داوای لە وڵاتانی وەک چین، فەرەنسا، ژاپۆن و بەریتانیا کردووە کەشتیی جەنگی بنێرن بۆ پاراستنی رێڕەوەکە، کە ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ نەبوونی توانای ئەمریکا بە تەنیا بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دەبینرێت.
گرژییەکانی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، جیاوازیی قووڵ لەنێوان ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەرکەوتووە.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل چەندین جار ئامۆژگارییەکانی واشنتنی فەرامۆش کردووە؛ لەوانە هێرشکردنە سەر کۆگاکانی نەوت لە نزیک تاران و کردنەوەی بەرەی شەڕ لە لوبنان دژی حیزبوڵڵا، کە لای ئیدارەی ترەمپ وەک بارگرانییەکی سەربازی و ئابووری دەبینرێت.
ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە هاتن، رۆژی 2ـی ئادار، حیزبوڵڵای لوبنان لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئیسرائیلیش بە چڕی بۆردوومانی لوبنانی کرد.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار و 100 کەس کوژراون، کە زۆربەیان ئێرانیین، سوپای ئەمریکاش کوژرانی 13 سەربازی خۆی راگەیاندووە.
یەکێک لە رووداوە تراژیدیەکان بۆردوومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بوو بۆ سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە شاری "میناب" لە باشووری ئێران، تێیدا 175 کەس کوژران و زۆربەیان منداڵ بوون.
ئەم جۆرە رووداوانە و بەرزبوونەوەی تێچووی جەنگ، ترسی لەناو لایەنگرانی ترەمپ دروستکردووە کە نەیاندەویست وڵاتەکەیان بکەوێتە ناو جەنگێکی دیکەی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
لە کاتێکدا جەنگەکە دەچێتە هەفتەی سێیەمەوە، ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران وەک بژاردەیەکی مەترسیدار لەسەر مێزی سەرۆکی ئەمریکا ماوەتەوە.