پارێزگاری تاران: تەنیا لە پارێزگاکەماندا 94 قوتابخانە وێران کراون یان زیانیان بەرکەوتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری تاران دەڵێ، لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا ژمارەیەکی زۆر لە ناوەندی گرنگ لە تاران کراونەتە ئامانج؛ ئاماژە بەوەش دەکات، خزمەتگوزارییەکان بەردەستن و هیچ کێشەیەکیان لەو بارەوە نییە.
 
"شکستی دیپلۆماسی و تەڵەی ئیسرائیل"
 
موعتەمیدیان ئاماژەی بەوە کرد کە بەر لە دەستپێکردنی هێرشەکان، گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا دەڕۆیشتن و ئەوەش لەلایەن عومانییەکان و ئەمریکییەکانیشەوە پشتڕاست کرابووەوە.
 
بەڵام بە گوتەی پارێزگاری تاران، ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر ئێران نیشانی دا کە "کەوتووەتە نێو تەڵەی ئیسرائیلەوە" و لێکدانەوەکانی بۆ دۆخی ناوچەکە هەڵە بوون.
 
زیانەکانی کەرتی پەروەردە و تەندروستی
 
پارێزگاری تاران تیشکی خستە سەر زیانە مرۆیی و ژێرخانییەکان و رایگەیاند، تەنیا لە پارێزگای تاران 94 قوتابخانە وێران کراون یان زیانیان بەرکەوتووە.
 
موعتەمیدیان باسی لە بۆردوومانکردنی قوتابخانەکەی ناوچەی مینابی پارێزگای هورمزگانیش کرد، وەک ئاماژەیەک بەوەی قوتابخانەکانیش کراونەتە ئامانج.
 
پارێزگاری تاران هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ناوەندە پزیشکییەکان و مانگی سوور بە "نیشانەی بێدەسەڵاتی" ناوبرد و ئەوەی ئێستا لە ئێران روودەدات، بە دووبارەبوونەوەی "تاوانەکانی غەززە" ناویبرد.
 
سەقامگیریی خزمەتگوزارییەکان و دۆخی ناوخۆ
 
سەرەڕای هێرشە چڕەکان بۆ سەر کۆگاکانی سووتەمەنی لە دەوروبەری تاران، پارێزگار دڵنیایی دا کە هیچ کێشەیەکی کورتھێنانی ئاو، کارەبا، گاز و پەیوەندییەکان نییە؛ گوتیشی: "نە بەنزینخانەکان داخران و نە هیچ سەرەیەکی درێژ بۆ سووتەمەنی دروست بووە."
 
سەبارەت بە دۆخی سیاسیی ناوخۆ، موعتەمیدیان رایگەیاند کە ئامادەبوونی خەڵک لە گردبوونەوەکاندا نیشانەی "تەبایی و یەکڕیزیی نیشتمانییە". ئەو بەرپرسەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵک داواکارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنیان بۆ رژانە سەر شەقام رەتکردووەتەوە و لە جیاتی ئەوە "پەیمانی وەفادارییان بۆ سیستمەکە و رێبەری نوێ" دووپات کردووەتەوە.
 
ئابووری و جەنگی درێژخایەن
 
موعتەمیدیان جەختی لەوە کردەوە کە ژیانی ئابووری و بازرگانی بەهۆی پەیوەندییە قووڵەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەردەوامە و ملیۆنان تۆن کاڵا لە رێگەدان بۆ وڵات.
 
پارێزگاری تاران گوتی، "ئێمە خۆمان بۆ جەنگێکی درێژخایەن ئامادە کردووە و لەسەر بنەمای ناسینی دووژمن، هەموو ئامادەکارییەکی پێویستمان کردووە."
 
هۆشداری بۆ ئەورووپا و رۆژئاوا
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، پارێزگاری تاران هۆشداری دا کە ئەم جەنگە لە سنوورە فیزیکییەکانی ئێران تێپەڕیوە و کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووریی جیهان و ژیانی هاووڵاتییانی ئەورووپا دروست کردووە. موعتەمیدیان جەنگی ئێستا بە "جەنگی پڕووکێنەر" ناوزەد کرد و گوتی، "ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان جەنگەکەیان دەستپێکرد، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوان کۆتاییپێهێنی نابن."