سوپای پاسداران: ئەوکاتە شەڕ کۆتایی دێت دوژمن دان بە هێز و توانامان دابنێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، ئەوان دەیانەوێ "سێبەری شەڕ" لەسەر وڵاتەکەیان نەمێنێت، بەڵام هۆشداریش دەدات لە هەر جۆرە کۆتاییەک بۆ شەڕ کە تێیدا "دەستپێشخەری" لای هێزی بەرامبەر بمێنێتەوە.
عەلی محەممەد نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێکدا سەبارەت بە کۆتاییهاتنی جەنگەکە رایگەیاند: "ئەوەی ئێمە دەمانەوێ، کۆتاییهاتنی راستەقینەی شەڕە، بە جۆرێک کە سێبەری شەڕ لەسەر وڵات لابچێت."
نائینی هۆشداری دا لەوەی کە ئەگەر جەنگەکە رابگیرێ بەڵام "دەستپێشخەرییەکە هەر لە دەستی دووژمندا بێت" بۆ ئەوەی دوای نەهێشتنی زیانەکانی، جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە، ئەوا "ئەو جۆرە کۆتاییهاتنە بۆ گەلی ئێران تێچوویەکی زۆری دەبێت و زۆر تاڵ دەبێت."
گوتەبێژی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کرد، هێزی بەرامبەر بەو گریمانەیەوە هاتە نێو شەڕ کە "ئێران لاوازە"، بەڵام هیوای خواست وانەیان وەرگرتبێت؛ گوتیشی، "کۆتاییهاتنی شەڕەکە کاتێک دەبێت کە دووژمن دان بە هێز و توانای بەرگری و مانەوەی کۆماری ئیسلامیدا بنێت."