بنکەکانی سوپای پاسداران لە چابەهار و بەمپوور بۆردوومان کران
رووداو دیجیتاڵ
لە 17ـەمین رۆژی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، چەندین بنکەی سوپای پاسدارن لە شارەکانی چابەهار و بەمپوور لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بۆردوومان کران.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 16ی ئاداری 2026، چەند فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ماوەی چەند کاژێر لە ئاسمانی بەندەری چابەهار سووڕانەوە و دواتر دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز لە دەورووبەری شارەکە بیستران.
بە پێی زانیارییەکان، بنکەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە بەندەری چابەهار کە بە بنکەی دەریایی ئیمام عەلی دەناسرێت، هێرشی کراوەتە سەر و بە سەختی بۆردوومان کراوە.
هەروەها چەند بنکەیەکی سەربازیی ئێران لە ناوچەی کوه لەکی کە دەکەوێتە پشت ناوچەی ئازادی بازرگانیی چابەهار کراونەتە ئامانج و دەنگی چەند تەقینەوە لەو ناوچەیە بیستراوە.
هەرووەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بنکەی بەسیجی ساڵحین لە شاری بەمپوور کە سەر بە قەرارگەی قودسی هێزی زەوینیی سوپای پاسدارانە لە رۆژهەڵاتی ئێران، لە لایەن فڕۆکەیەکی جەنگییەوە بۆردوومان کرا.
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی بۆردوومانەکانی ئەمڕۆی چابەهار و بەمپوور دیار نییە.