پەروەردەی ئێران: خوێندنی ئۆنلاین بەردەوام دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی ئێران، سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دادەخرێن و خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی نیسانی 2026، عەلی فەرهادی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی ئێران رایگەیاند، بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە لە 21ی نیسانەوە پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن و لە هەموو قۆناخەکان لە سەرانسەری ئێران بە شێوەی ئونلاین دەبێت.
سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی قوتابیان بۆ نێو پۆلەکانی خوێندن، فەرهادی گوتی: "لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەک لە بڕیارەکەدا و دەستپێکردنەوەی خوێندنی ئامادەیی، سێ رۆژ پێشتر قوتابیان و دایکان و باوکان لەو بڕیارە ئاگاداردەکرێنەوە."
بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە بەهۆیەوە ژێرخانی کەرتی پەروەردەی ئێرانیش زیانی پێگەیشت، بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی ئەو وڵاتە، پرۆسەی ئاسایی خوێندن لە تاران و ئەو پارێزگایانەی کە رووبەڕووی بۆردوومان و هێرشە ئاسمانییەکان دەبوونەوە راگیرا و خوێندن کرایە ئونلاین.
لە 28ی شوباتی 2026ـەوە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و ئێرانیش هەرزوو بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە. بەرەبەیانی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026 ئاگربەستێکی دووهەفتەیی لەنێوان لایەنەکان راگەیێندرا.