دیسان ئێران‌ و وڵاتانی ئەوروپا نەگەیشتنە ئەنجام

رووداو- ئاژانسەكان

خولێكی دیكەی دانووستانە ناوەكییەكانی ئێران لەنێوان سەعید جەلیلی، سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران‌ و كاترین ئاشتۆن، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا، لە شاری ئەستەنبوڵی توركیا بەبێ‌ گەیشتن بە رێككەوتن كۆتایی هات، بەڵام هەردوولا دەڵێن "بە سوود" بووە.

جەلیلی‌ و ئاشتۆن پاش وتووێژێكی چوار كاژێری لە كونسوڵخانەی ئێران لە ئەستەنبوڵ، وەک هەمیشە دانووستانەكانیان بە "بەسوود" لێكدایەوە‌ و جەلیلی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "بڕیاردراوە لە ماوەیەكی نزیكدا بۆ لێكنزیكبوونەوەی روانگەكانمان، دیسان كۆببینەوە".

كاترین ئاشتۆن رایگەیاند: "لەم دانیشتنەدا جارێكی دیكە لەسەر ئەو پێشنیازانەی، كە پێشتر خراونەتەڕوو، وتووێژمان كرد‌ و بۆ قۆناخێكی دیكەی دانیشتنەكانی ئەم پرۆسەیە زیاتر بیری لێ‌ دەكەینەوە".
"بڕیاردراوە لە ماوەیەكی نزیكدا بۆ لێكنزیكبوونەوەی روانگەكانمان، دیسان كۆببینەوە"

هاوكات لە ڤییەنناش عەلی ئەسغەر سوڵتانییە، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم‌ و هێرمان ناكارێتس، جێگری سكرتێری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران پێكەوە دانیشتنیان كرد، ئەو کۆبوونەوەیەش بەبێ‌ گەیشتن بە هیچ دەرەنجامێك كۆتایی هات.

سوڵتانیە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "هەردوولا كۆمەڵێك پێشنیازیان خستووەتەڕو‌و و بڕیاردراوە هەردوولا ئەم پێشنیازانە تاووتوێ‌ بكەن".

هێرمان ناكارێتس رایگەیاندووە: " 18 مانگە دانووستان لەگەڵ ئێران درێژەی هەیە و تاوەكو ئێستا سەركەوتنێكی بەدەست نەهێناوە."

یوكیا ئامانۆ، سكرتێری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، لە سەرەتای ساڵی 2013ەوە كۆمەڵێك دانووستانی هەم خۆی بەشێوە راستەوخۆ‌ و هەمیش لەڕێی جێگرەكانیەوە لەگەڵ ئێران ئەنجامداوە، بەڵام تاوەكو ئێستا بەرەوپێشچوونێكی تێدا بەدی نەكراوە.

كاترین ئاشتۆن بەر لە دەستپێكردنی دانووستانەكانی شەوی رابردوو گوتبووی: "چاوڕێی وەڵامێكی باش‌ و دادپەروەرانەی ئێران بۆ پێشنیازەكانی گرووپی 1+5 دەكەین".
"هەردوولا كۆمەڵێك پێشنیازیان خستووەتەڕو‌و و بڕیاردراوە هەردوولا ئەم پێشنیازانە تاووتوێ‌ بكەن"

بەپێی راپۆرتی ئەسۆشێیتد پرێس، گرووپی 1+5 پێشنیازی بۆ ئێران كردبوو، كە بڕێك لە یۆرانیۆمی 20% پیتێنراو بۆ خۆی راگرێ‌، بەڵام لە بەرهەمهێنانی زیاتری یورانیۆم دەستهەڵگرێ‌.

كۆماری ئیسلامی ئێران بەدەستهێنانی وزەی ناوەكی بە مافی خۆی دەزانێ ‌‌و وای راگەیاندووە، كە ئامانجی بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی نییە. وڵاتانی رۆژئاواش ئێران بە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی تۆمەتبار دەكەن ‌و خوازیاری روونبوونەوەی ناوەرۆكی پڕۆگرامە ناوكییەكانی ئێرانن.

و . فوئاد حەقیقی