وەزارەتی ناوخۆی ئێران: دۆخەکە ناسەقامگیرە، بەڵام هێزەکانمان لە ئامادەیی تەواودان
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەڵێ، سەرەڕای وەستانی شەڕ، دۆخەکە هێشتا ناسەقامگیرە و لەنێوان "نە جەنگ و نە ئاشتیدایە؛" ئاماژە بەوەش دەکات، ئامادەیی هێزە چەکدارەکانیان لە بەرزترین ئاستدایە.
عەلی زەینیوەند، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "هێزە چەکدارەکان لە ئامادەیی تەواودان، ئەمەش خۆی بووەتە هۆی دڵنیایی و ئارامیی خەڵک".
لەبارەی دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕ و بژێویی خەڵک، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی لە سنوورەکانی باشوورەوە رووبەڕووی هەندێک بەربەست بوونەتەوە، بەڵام لە رێگەی سنوورەکانی رۆژهەڵات، رۆژئاوا و باکوورەوە کاڵا سەرەکییەکان دابین دەکرێن؛ باسی لەوەشکرد، هەوڵی گەمارۆدانی ئێران هیچ کاتێک سەرناگرێ.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەڵێ، هیچ ئاماژەیەکی نیگەرانکەر لەبارەی ئاسایشی نێوخۆ و ئاسایشی سنوورەکان نییە و بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئێستا باڵادەستی و دەسەڵاتی هێزەکانیان بەسەر سنوورەکاندا زۆر زیاترە.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران باسی لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو شوێن و یەکانە کرد کە لە شەڕدا زیانیان بەرکەوتووە و گوتی، لیژنەی سەرپەرشتیاری ئاوەدانکردنەوە لە حکومەت بە سەرۆکایەتیی جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار پێکهێنراوە و بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆش تێیدا چالاکن.
بە گوێرەی ئاماری فەرمی، لە کۆی 118 هەزار و 180 یەکەی نیشتەجێبوونی زیانلێکەوتوو، 78 هەزار و 330 یەکەیان زیانی کەمیان بەرکەوتووە، 8 هەزار و 134 یەکەیان زیانی زیاتریان بەرکەوتووە و 2 هەزار و 529 یەکەی نیشتەجێبوونیش بە تەواوی وێران بوون.