بەهۆی پیسبوونی هەواوە لە ئیلام پشووە


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی خۆڵبارین و پیسبوونی هەواوە لە پارێزگای ئیلام، لە سەرجەم بانک و فەرمانگەکان جگە لە دامەزراوە خزمەتگوازییەکان، کرایە پشوو.
 
رۆژی شەممە، 16ی ئایاری 2026، لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی دۆخی لەناکاوی پیسبوونی کەشوهەوای پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاردرا ئەمڕۆ شەممە لە هەموو دامودەزگا حکومییەکان پشوو بێت.
 
بەپێی لیژنەکە، ئەو تۆز و خۆڵەی لە ئێوارەی دوێنێ هەینییەوە چووەتە نێو هەوای پارێزگاکەوە بووەتەهۆی دابەزینی کواڵیتی هەوا و تاوەکو ئێوارەی رۆژی یەکشەممەش دۆخەکە بەردەوام دەبێت.
 
 لێژنەکە رایگەیاندووە، هەوای پارێزگاکە بۆ کەسانی نەخۆش، منداڵ و بەساڵاچووان مەترسیدارە و پێویستە بۆ کاری زۆر پێویست نەبێ لە ماڵەوە دەرنەچن.
 
لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی دۆخی لەناکاوی پیسبوونی کەشوهەوای پارێزگای ئیلام دەڵێ، پشووکە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان ناگرێتەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ئیلامیش رایگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوەکان، سەرچاوی سەرەکیی خۆڵبارینەکە بیابانەکانی عێراقە.
 
 بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی ئیلام، لە نەورۆزەوە 3 رۆژ خۆڵبارین لە پارێزگای ئیلام هەبووە.