دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە رۆژهەڵاتی تاران بیسترا
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە رۆژهەڵاتی پایتەختی وڵاتەکە بیستراوە و سیستمی بەرگریی ناوچەکە چالاک کراوە.
پێکدادانەکانی نێوان هێزە چەکدارەکانی ئێران و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە. کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 16-06-2025، ئاژانسی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە: ''رۆژهەڵاتی شاری تاران کرایە ئامانج و دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیسترا.''
بەگوێرەی زانیارییەکان، بە مەبەستی پێکانی ژمارەیەک ئامانجی نادیار، سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە ناوچەکانی نارمەک و لەویزانی تاران کارا کراوە.
میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسدارانیش ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دووکەڵێکی چڕ دەردەکەوێت و دەگوترێت تایبەتە بە رێگەی سەرەکیی تاران-قوم.
لە بەرەبەیانیی 13ـی حوزەیرانەوە، پێکدادانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامە و بنکەی سەربازی، نەوتی و ئەتۆمیی یەکدی دەکەنە ئامانج.
هاوکات لە شارەکانی دیکەی ئێران وەکو شیرازا، ئیسفەهان، مەشهەد، زەنجان، ئەندیمێشک و دەوروبەری تاران دەنگی ژمارەیەک تەقینەوەی بەهیز بیستراوە.
ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ''بەڵێن راست 3'' بە دەیان مووشەک هێرشی کردە سەر ناوچە جیاجیاکانی ئیسرائیل.