تەندروستیی ئێران: 1800 کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بریندار بوون

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری تەندروستیی ئێران دەڵێت: بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە سێ رۆژدا هەزار و 800 کەس بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی حوزەیرانی 2025، محەممەد رەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستی ئێران رایگەیاند، لە ماوێ سێ رۆژدا بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ولاتەکەمان 35 ژن و 10 منداڵ کوژراون.
 
محەممەد رەزا زەفەرقەندی گوتی: "لەو ماوەیەدا زیاتر لە هەزار و 800 کەس بریندار بوون کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵن."
 
زەفەرقەندی ئاماژەی بەوەشکرد،" ژنێکی دوو گیان بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراوە."
 
زەفەرقەندی گوتیشی:" بە هۆی هێرشەکەی سەر مەیدانی قودس 59 کەس بریندار بوون و دواتر 12 کەسیان گیانیان لە دەستداوە."
 
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 13ی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند بنکەی ئەتۆمی و سەربازی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمی کوژران.
 
ئێران لە وەڵامی هێرشەکەدا ئۆپەراسیۆنکی دژی ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو ئێستا بە چەند قۆناخ هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر وڵاتەکە.
 
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا 24 هاووڵاتییان بەهۆی هێرشەکانەوە کوژراون. بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئێرانیش، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 224 کەس کوژراون