سوپای پاسداران دەڵێت، فەرمانبەرێکی ئاژانسی دەنگ و رەنگی ئێران کوژراوە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی فەرمانبەرێکی ئاژانسی دەنگ و رەنگی وڵاتەکەی راگەیاند.
رۆژی دووشەممە، سوپای پاسداران رایگەیاند، مەعسومە عەزیمی، فەرمانبەری نووسینگەی ئاژانسی دەنگ و رەنگ، "بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە شەهید بووە."
بۆردوومانەکە لەکاتێکدا بوو کە ئاژانسەکە راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەخوێندەوە.
ئەمە دوای ئەوە هات کە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران "نزیکن لەوەی نەمێنن" بەو واتایەی هێرشیان کردووەتە سەریان.
وەزیرە ئیسرائیلییەکە ئەوەشی گوتووە کە خەڵک ناوچەکانی دەوروبەری بارەگای سەرەکیی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران چۆڵ بکەن.
دوای بۆردوومانەکە، ئاژانسەکە رایگەیاند، پەخشی هەموو کەناڵەکان ئاساییە و تەنیا یەک باڵەخانە زیانی بەرکەوتووە، "سەحەر ئیمامی، بێژەری هەواڵەکان سەلامەتە و کەمێکی دیکە دەگەڕێتەوە سەر شاشە".
رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی ئێران لە ساڵی 1926 دامەزراوە، سەرەتا بە رادیۆ دەستی بە کار کرد. لە ساڵی 1956 بۆ یەکەم جار تەلەڤزیۆنی ئێرانی دامەزرێندرا.
لە ساڵی 1979، لە کەناڵێکی سەر بە رژێمی پاشایەتیی ئێرانەوە گۆڕا بۆ دامەزراوەیەکی سەر بە سیستمی کۆماریی ئیسلامی. ئەم دامەزراوەیە خاوەنی چەندین کەناڵی جۆراوجۆرە کە سەر بە حکومەتی ئێرانن، لەوانە: کەناڵی هەواڵیی عالەم، کەناڵی یەک، کەناڵی دوو، "جامی جەم"، کەناڵی بەڵگەنامەیی و کەناڵی وەرزشی.