سوپای پاسداران: تاوەکو لەنێوچوونی رژێمی زایۆنی لە هێرشەکانمان بەردەوام دەبین

رووداو دیجیتاڵ 

دوای هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، سیستمی بەرگریی وڵاتەکەیان تووشی ''سەرلێشێوان'' کردووە و ''ئۆپەراسیۆنەکەمان تاوەکو لەنێوچوونی یەکجارەکیی رژێمی زایۆنی بەردەوام دەبێت.'' 
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 16-06-2025، سوپای پاسدارانی ئێران دوای زنجیرە هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر حەیفا، تەلئەڤیڤ و قودس/ئورشەلیم، راگەیێندراوێکی دیکەی بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لەوە کراوە: ''لەم ئۆپەراسیۆنەدا، بنکەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی رژێمی زایۆنی، بە شێوەیەکی نوێی هەواڵگری و بەکارهێنانی تواناکان، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی دوژمنمان تووشی سەرلێشێواوی کرد.''
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە ئەنجامی هێرشەکەی سوپای پاسداران، سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، تووشی هەڵە بوون و لەبری مووشەکەکانی ئێران، یەکدییان کردووەتە ئامانج.
 
سوپای پاسداران جەخت لەوە دەکاتەوە، ''داهێنان و تواناییە بەکارهاتووەکان لەم ئۆپەراسیۆنەدا بە شێوەیەک بوون کە سەرەڕای پشتگیریی هەمەلایەنەی ئەمریکا و زلهێزانی رۆژئاوا لە رژێمی زایۆنی و هەبوونی پێشکەوتووترین سیستمی بەرگریی ئاسمانی، زۆربەی مووشەکەکانمان سەرکەوتووانە ئامانجی خۆیان پێکا.''
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ''ئەو ئۆپەراسیۆنەکەمان دەرخەری ئەوە بوو کە لێکدانەوەی رژێمی زایۆنی و ئەمریکا بۆ توانای ئێران بە تەواوی هەڵەیە و دەبێت ئێستا چاوەڕوانی رووخانی رژێمی داگیرکاری زایۆنی بین.''
 
سوپای پاسداران هۆشداری دەدات، ''ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی ئامانجە گرنگەکانی ئەم رژێمە ساختەیە، کاریگەرتر، ئامانجدار و بەهێزتر بەردەوام دەبێت، تاوەکو ئەوکاتەی بە تەواوی لەنێودەچێت.''
 
لە بەرەبەیانیی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025ـوە، پێکدادانی راستەوخۆی نێوان تەلئەڤیڤ و تاران دەستیپێکردووە. سەرەتا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند بنکەی ئەتۆمی و سەربازی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمی کوژران.
 
پاشان ئێران لە وەڵامی هێرشەکەدا ئۆپەراسیۆنی ''بەڵێن راست 3''ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند کە تاوەکو ئێستا بە چەند قۆناخ هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر وڵاتەکە.