سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: رۆژگاری زایۆنییەکان تاریک دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، خەڵکی ئێران لە بەرامبەر "رژێمی زایۆنی" یەکدەنگ و یەکگرتوون. ئاماژە بەوەش دەکات کە "بەشی بەرچاوی گورزی دووژمن، هێرشی سەربازی نییە، بەڵکو بە هاوکاریی مۆرە نێوخۆییەکان زیانمان پێ دەگەیێنین."
 
ئەمڕۆ دووشەممە محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە دەستپێکی دانیشتنی ئاسایی پەرلەماندا گوتارێکی سەبارەت بە جەنگی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ پێشکێش کرد و رایگەیاند، "رژێمی زایۆنی بە پاڵپشتی و چاوپۆشیی ئەمریکا، دەستی بە ئەنجامدانی تاوانێکی نوێ لە ئێران کردووە."
 
قالیباف گوتیشی، "گەلی ئێران بە هەموو نەتەوە و بیروبۆچوونە سیاسییە جیاوازەکانەوە لە بەرامبەر دووژمنی دڕندە یەکگرتوو و یەکدەنگن."
 
بە گوتەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئیسرائیل بۆ "گورز وەشاندن"ی زیاتر لە وڵاتەکەی، کەسانی "بەکرێگیراو"ی نێوخۆیی بەکاردەهێنێت و رایگەیاند، "بەشێکی بەرچاوی زیانەکانی دووژمن هێرشی سەربازی نین، بەڵکو بە یارمەتیی مۆرە نێوخۆییەکانی ئەنجام دەدرێن."
 
دانیشتنەکەی پەرلەمان بە ئامادەبوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بەڕێوەدەچێت و بڕیارە تێیدا پێدانی متمانە بە عەلی مەدەنیزادە وەکو وەزیری ئابووری و دارایی بخرێتە دەنگدانەوە.
 
لە 2ی ئاداری 2025 پەرلەمان متمانەی لە عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری ئابووری و دارایی ئێران سەندەوە، چونکە زۆربەی پەرلەمانتاران پێیان وابوو نەیتوانیوە دۆخی ئابووریی وڵاتەکە باش بکات و، رێگری لە دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و دراوە بیانییەکانی دیکە بکات.
 
دانیشتنەکە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە لە بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 13ی حوزەیرانی 2025ـەوە، پێکدادانی راستەوخۆی نێوان تەلئەڤیڤ و تاران بەردەوامە.