وەزارەتی دەرەوەی ئێران: زیاتر لە 70 ژن و منداڵ لە هێرشەکانی رژێمی زایۆنیدا کوژراون

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی، لانیکەم 70 ژن و منداڵ کوژراون. ئاماژە بەوەش دەکات، "هێشتا 10 منداڵ لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکان ماون."
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 16-06-2025 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی لە ئێکس نووسی، سوپای ئیسرائیل لە بانگەشەی خۆیدا بە شێوەیەک پیشان دەدات کە هێرشەکانی بە وردی ئەنجام دەدرێن و شوێنە نیشتەجێبووەکان ناکرێنە ئامانج، بەڵام راستییەکە شتێکی دیکەیە.
 
بە گوتەی بەقایی، تەنیا لە سێ هێرشی سوپای ئیسرائیلدا زیاتر لە 70 ژن و منداڵ کوژراون. ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا 10 منداڵ لە کۆی ئەو 20 منداڵەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی گەڕەکی چەمرانی تاران گیریان خواردبوو، دەرنەهێندراون.
 
قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدان، میدیای فەرمیی ئێران ئامارێکی سەبارەت بە ژمارەی کوژراو و برینداران بڵاوکردووەتەوە. بەگوێرەی ئامارەکە، تاوەکو شەوی یەکشەممە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا 1257 کەس بریندار بوون و 224ی دیکەش کوژراون.
 
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 13ی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند بنکەی ئەتۆمی و سەربازی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمی کوژران.
 
ئێران لە وەڵامی هێرشەکەدا ئۆپەراسیۆنکی دژی ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو ئێستا بە چەند قۆناخ هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر وڵاتەکە.