ئێران لە دەریای عومان دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرت
رووداو دیجیتاڵ
ئێران دەڵێت، لە دەریای عومان دەستی بەسەر کەشتییەکی بیانیدا گرتووە کە نەوتی قاچاخی بارکردبوو و بە شێوەیەکی نایاسایی لە سنوورە ئاوییەکانی ئێراندا بوو. ئاماژە بەوەش دەکات، 17 کەس لە ستافی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە دەستبەسەر کراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تەممووزی 2025 موجتەبا قارەمانی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران رایگەیاند، "تانکەرێکی بیانی لە دەریای عومان و لەنێو سنوورە ئاوییەکانی ئێران بە تۆمەتی هەڵگرتنی دوو ملیۆن لیتر سووتەمەنیی قاچاخ، دەستی بەسەردا گیرا."
بە گوتەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای هورموزگان، هێزە سەربازییەکانی ئێران دەستیان بەسەر تانکەرەکەدا گرتووە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەی یاسایی پەیوەست بە باری کەشتییەکەوە.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە گوتی، 17 کەس لە ستافی کەشتییەکە لەلایەن هێزی دەریایی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، کەشتییەکەش بۆ بەندەری جاسک لە پارێزگاری هورموزگان گوێزراوەتەوە.
بەرپرسە ئێرانییەکە ئاماژەی بەوە نەکردووە، کام وڵات خاوەنی کەشتییەکەیە و ئەو 17 کەسەش خەڵکی کوێن.
سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی هورموزگان دەشڵێت، رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ بەقاچاخبردنی نەوت و سووتەمەنی لە سنوورە ئاوییەکانی ئێران بەردەوام دەبێت، لە سزادانی قاچاخچییان و ئەو کەسانەش لە بەقاچاخبردنی نەوت تێوەگلاون، نەرمی نانوێنن.