وەزیری دەرەوەی ئێران: لەگەڵ گەلی سووریا دەمێنینەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پشتیوانی لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەن و هەمیشە لەگەڵ گەلی سووریادا دەمێننەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ی تەمموزی 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە بارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا رایگەیاند، "بەداخەوە ئەمە بە تەواوی پێشبینیکراو بوو. پایتەختی داهاتوو لە کوێیە؟"
 
عەباس عێراقچی گوتی، "رژێمی ئیسرائیل (زایۆنی) هیچ سنوورێک ناناسێت و تەنیا یەک زمان تێدەگات. بۆ کۆتاییهێنان بەم دەستدرێژییە شێتانەیە دەبێت جیهان بە ناوچەکەشەوە یەکبگرن."
 
عێراقچی، پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ خەلكی سووریا دووپاتکردەوە و گوتی، "ئێران پشتیوانی لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات و هەمیشە لەگەڵ گەلی سووریادا دەمێنینەوە."
 
لە 13ـی تەمووزەوە پێکدادان لە نێوان هێزەکانى سەر بە حکومەتى سووریا و چەکدارانى دروز لە پارێزگاى سوەیداى باشوورى ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە و زیاتر لە 300 کەس لە هەردوولا کوژراون.   
 
شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم هەفتەیەی دەوروبەری شاری سوەیدا لەنێوان چەکدارانی کەمینەی دروز، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت و ئەندامانی هۆزە دەشتەکییەکان (بەدەوییەکان) روویدا. ئیسرائیل پاڵپشتیی خۆی بۆ دروزەکان راگەیاندووە.