ئێران: سەرۆکی نوێی قاعیدە لەلای ئێمە نییە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە سەرۆکی نوێی رێکخراوی قاعیدە لە وڵاتەکەیان بێت، ئەمە دوای ئەوەی ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندبوو، ئەو رێکخراوە سەرۆکی نوێی دیاریکردووە و سەرۆکە نوێیەکەشیان نیشتەجێی ئێرانە.
رۆژی پێنجشەممە 16ی شوباتی 2023، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر زانیارییەکانی واشنتنی سەبارەت بە سەرۆکی نوێی قاعیدە رەتکردەوە و رایگەیاند، "ئەوە دوورە لە راستییەوە."
رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سەیف ئەلعەدل کە سەرکردەیەکی رێکخراوەکەیە، بە رەگەز میسرییە و ئێستاش بووەتە کەسی یەکەمی قاعیدە، بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆشکی سپی، سەیف ئەلعەدل نیشتەجێی ئێرانە.
لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو زانیاریانەی ئەمریکای رەتکردەوە و لە تویتەر نووسیویەتی: "ئامۆژگاریم بۆ بەرپرسانی کۆشکی سپی ئەوەیە کە گەمەی ئێرانفۆبیا رابگرن. هەواڵ دروستکردن دەربارەی سەرکردەی قاعیدە و بەستنەوەی بە ئێران، کارێکی پێکەنیناوییە."
حکومەتی ئەمریکا بڕی 10 ملیۆن دۆلاری کردووەتە پاداشت بۆ ئەوەی زانیاریی سەبارەت بەو سەرکردەیەی قاعیدە بدات. بەگوێرەی دوایین راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، زانیارییەکانی ئەمریکییەکانی پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە، سەیف ئەلعەدل "سەرکردەی بێ رکابەری"، قاعیدەیە.
ئەلعادل لە تشرینی دووەمی 1998، لەلایەن دادگەیەکی ئەمریکییەوە، تاوانبار کرا بەوەی رۆڵی هەبووە لە دوو هێرشە تیرۆریستییەکەی باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە کینیا و تانزانیا کە بووە هۆی کوشتنی 224 کەس و برینداربوونی 5 هەزار کەسی دیکە.
ئەلعادل پێش ئەوەی بچێتە ریزی رێکخراوی قاعیدەوە پلەی کۆلۆنێلی هەبووە لە سوپای میسر و دواتر بووەتە سەرکردەیەکی قاعیدە. بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا عادل رووی کردووەتە ئێران و لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە ژیاوە و "لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پارێزراوە."
لە نیسانی 2003، سەیف و چوار سەرکردەی دیکەی رێکخراوی قاعیدە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە مانەوەی ناچارییان بەسەردا سەپێنرا و دواتر ئازادکران لەبەرامبەر ئازادکردنی دیپلۆماتکارێکی ئێرانی کە لە یەمەن رفێنرابوو.