سوپای پاسداران: سێ ئەندامی تۆڕی تیرۆریستیی شاهانە دەستبەسەر کران

رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، لە شارێکی سەر بە پارێزگای تاران سێ کەسی لایەنگری سیستمی پاشایەتییان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە "تۆڕی تیرۆریستی" دەستبەسەر کردووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 17ی شوباتی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگەی حەیدەری کەراری سوپای پاسداران، لقی سوپای پاسداران لە شاری پەرەندی سەر بە پارێزگای تاران راگەیێندروێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، "دوای گرتنەبەری رێوشوێنە تەکنیکی و هەواڵگرییەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران، سێ ئەندامی سەر بە بزووتنەوەی تیرۆریستیی شاهانە لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاواز و یەک لە دوای یەکدا دەستبەسەر کران."
 
بەگوێرەی سوپای پاسداران، دەستبەسەرکراون لە ژنێک و دوو پیاو پێکهاتوون، بەڵام بە جیا دەستبەسەرکراون. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، یەكێک لە دەستگیرکراوەکان جگە لە پێشێلکردنی نۆرمەکان، پێشتر لەسەر سووکایەتیکردن بە ئایین و شوێنە پیرۆزەکان دۆسیەی بۆ کراوەتەوە.
 
لقی سوپای پاسداران لە شاری پەرەند هەروەها دەڵێت، لە هەوڵەکانیان بۆ دەستنیشانکردن و دەستبەسەرکردنی ئەندامانی تۆڕەکە بەردەوام دەبن.