گاردیان: عەلی لاریجانی لەنێو شوقەیەک دا کوژراوە
رووداو دیجیتاڵ
نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کوشتنی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیان راگەیاند. رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی هەندێک زانیاری لەبارەی بەئامانجگرتنی لاریجانی بڵاوکردوەتەوە کە گوایە لە بەرپرسێکی ئیسرائیلی وەرگرتووە.
وەک گاردیان دەڵێ، بەرپرسە ئیسرائیلییەکە رایگەیاندووە، پلانی بەئامانجگرتنی ئەو شوێنەی لاریجانی تێدا دەمایەوە بۆ شەوی یەکشەممە داڕێژرابوو، بەڵام لە دوایین چرکەدا گۆڕانی بەسەردا هات و دواخرا.
بەرپرسەکە رایگەیاندووە، دوای ئەوەی پلانی هێرشەکە دواخرا، ئیدی دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە زانیاریی هەواڵگرییان بەدەست گەیشت کە لاریجانی کەمێکی دیکە دەگاتە یەکێک لەو شوقانەی کە تێیاندا دەمێنێتەوە.
بە گوێرەی بەرپرسەکە، دوای وەرگرتنی ئەو زانیارییە، هێرشی ئاسمانی کرایە سەر ئەو شوقەیە و لەو کاتەیشدا لاریجانی لەگەڵ کوڕێکی لەوێ بووە.
رۆژنامەکە دەڵێ، کاتێک هەواڵی بەئامانجگرتنی ئەو شوێنە بڵاوکرایەوە و هێشتا چارەنووسی لاریجانی دیار نەبوو، بەرپرسێکی دیکەی ئیسرائیلی گوتی: "دەرفەتی ئەوەی لاریجانی لەو هێرشەدا رزگاری بووبێت، سفرە".
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی، لاریجانی شەوی رابردوو کوژراوە.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کاتەکەی گۆڕی و گوتی، "ئەم بەیانییە عەلی لاریجانی، سەرکردەی سوپای پاسدارانمان لەنێوبرد،" و بەو جۆرەش سوپای پاسدارانی ناوبرد کە بەشێوەیەکی کرداری ئێران بەڕێوەدەبات.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئێران کوشتنی لاریجانییان رانەگەیاندووە، بەڵام رەتیشیان نەکردوەتەوە.
کەمێک دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی لاریجانی لە لایەن وەزیری بەرگریی ئیسرائیلەوە، میدیای ئێران پەیامێکی نووسراویان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو "شەهیدبوونی پاڵەوانانی هێزی دەریایی سوپای کۆماری ئیسلامی لە کەشتیی "دەنا" بەشێکە لەو فیداکارییانەی گەلی ئازای ئێران کە لە نێو جەرگەی ئەم ململانێیەدا دژی ستەمکارانی نێودەوڵەتی نیشانیان داوە... یادی ئەوان بۆ هەمیشە لە دڵی گەلی ئێراندا دەمێنێتەوە و ئەم شەهیدبوونانەش بنەماکانی سوپا لە نێو پێکهاتەی هێزە چەکدارەکاندا بۆ ساڵانێکی درێژ بەهێزتر و پتەوتر دەکەن".