ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا: ناردنی سەرباز ڤێتنامێکى دیکە بۆ ئەمریکا دەخوڵقێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە واشنتن کە ناردنی هێزی زەوینی بۆ نێو خاکی ئێران، سوپای ئەمریکا رووبەڕووی "زۆنگاوێکی مەترسیدار" دەکاتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە رێبەری نوێی وڵاتەکە لە ژیاندا ماوە و تەندروستیی باشە.
رۆژی دووشەممە 16ی ئاداری 2026 سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا رایگەیاند، بیرۆکەی ناردنی هێزی پیادە بۆ وڵاتێکی دیکە و داگیرکردنی خاکەکەی کارێکی "نایاسایی و بێباکانەیە." هۆشداریشی دا، ئێران بۆ ئەمریکا دەبێتە "ڤێتنام"ێکی دیکە لە ئەگەرى هێرشى زەوینی.
خەتیبزادە ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکییەکان بەهۆی "سەرخۆشبوون بۆ دەسەڵات" پێیان وایە دەتوانن هەرچییەکیان بوێت بیکەن؛ ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم هەنگاوە ئەمریکا تەنیا تووشی شکستێکی گەورە دەکات.
سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی دانوستاندن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ بۆ وەستاندنی جەنگەکە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، "ئێستا سەرنجمان تەنیا لەسەر بەرگرییە لە سەروەریی خاک و نیشتمانەکەمان. هەر شتێک لەم ئەرکە نەتەوەییە دوورمان بخاتەوە، لە باسدا نییە."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چارەنووس و تەندروستیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خەتیبزادە ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لە برینداربوونی دەکەن و گوتی، "تەندروستی باشە و ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدات."
خەتیبزادە پەیامێکی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ کرد و داوای لێکرد "دووجار بیربکاتەوە،" پێش ئەوەی هەر بڕیارێک لەبارەی ئێرانەوە بدات.
ئەو بەرپرسەی ئێران رەخنەی لە حکومەتی ئیسرائیل گرت و رایگەیاند، پێویست ناکات ئەمریکا گوێ لەو کەسانە بگرێ کە ئێران ناناسن و بۆ چەندین دەیەیە دەیانەوێ بە خوێنی سەربازانی ئەمریکا جەنگ دژی تاران بەرپا بکەن.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە بنیامین نەتەنیاهوو ئەجێندای تایبەتی خۆی هەیە و دەیەوێ لەسەر حیسابی وڵاتانی دیکە لەم جەنگەدا سەرکەوتوو بێت.
دەقی قسەکانی سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران:
- هیوادارم ژیری زاڵ بێت و دیپلۆماسی لە لایەنی بەرامبەر سەربکەوێ. دەبێت ئەوان تێبگەن کە ئەو کەسانەی رایانکێشانە نێو ئەم شەڕەوە، دەتوانن بیانخەنە نێو زەلکاویشەوە.
- سەیرکە، تەنانەت پێشنیازکردنی ئەوەی کە وڵاتێکی بیانی دەتوانێ هێزی زەوینی بباتە سەر خاکی وڵاتێکی دیکە، هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی دیکە، خاکی وڵاتێکی دیکە داگیربکات، شتێکی زۆر هەڵەیە، زۆر بێباکانەیە، نایاساییە و دژی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە. هیچ رێگەپێدانێک بۆ ئەمریکییەکان نییە کە ئەوە بکەن. ئەوان ئەم کارە دەکەن، چونکە هێندە سەرخۆشی دەسەڵاتن، پێیانوایە دەتوانن هەرچی بیانەوێ بیکەن.
ئایا ئێران ئامادەی دانوستاندنە؟
- ئێستا ئێمە سەرنجمان لەسەر بەرگریکردنە لە یەکپارچەیی خاک و سەروەریی نیشتمانمان. هەر شتێک کە بتوانێت سەرنجمان لەم بەرگرییە قارەمانانە و نیشتمانییە لابدات، ئێستا بژاردە نییە. ئەوانەی ئەم دەستدرێژییەیان دەستپێکرد، ئەوانەی ئەم شەڕەیان دەستپێکرد، ئەوانەی دەستیانکرد بە داگیرکردنی ئێران، دەبێت بڕیاری راگرتنی ئەم رەفتارە نایاسایی، بێباکانە و لاسارانەیە بدەن.
- ئێمە بەرگری لە وڵاتی خۆمان دەکەین. تەنیا بڕۆن و ببینن چی روویدا لە ماوەی هەشت ساڵی شەڕی سەپێندراو بەسەر ئێران لەلایەن سەدام حوسێنەوە، کە بە هەموو پیترۆدۆلاری ناوچەکە و ئەمریکییەکان و هەموو وڵاتانی رۆژئاواوە سپۆنسەر دەکرا. مێژوو پێت دەڵێت چی روودەدات. ئێرانییەکان کۆنترین شارستانیەتی زیندوو و بەردەوامی سەر زەوین.
- ئێران هەمیشە سەربەرزانە راوەستاوە و ئێمە هەمان شت دەکەین بە بەرگریکردنێکی قارەمانانە. ئەمە بۆ ئێمە بەرگرییەکی نیشتمانییە و هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە پاشەکشەپێکردن و وەڵامدانەوەی دەستدرێژیکاران و ئەوانەی ئەم شەڕە دەستدرێژکارانەیەیان دەستپێکرد.
شوێنی رێبەری نوێی ئێران، موجتەبا خامنەیی لە کوێیە؟
- کاری من قسەکردن نییە لەسەر گریمانەکان، ئێوە ئەوە دەزانن. ئێمە تەنیا بەپێی راستییەکان کاردەکەین. ئەو تەندروستی باشە، لە دەسەڵاتدایە و هەر کارێک کە پێویستە لەلایەن ئەوەوە بکرێت، ئەنجامی دەدات.
چ پەیامێکت بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەیە؟
- پێموایە دەبێت دووجار بیربکەنەوە کاتێک بیر لە ئێران دەکەنەوە. نابێت ئامۆژگاری لەو کەسانە وەربگرن کە ئێران ناناسن کە بۆ دەیان ساڵ دەیانویست بە باجی باجدەرانی ئەمریکا و خوێنی سەربازانی ئەمریکی شەڕێک دژی ئێران ببەنەوە. نەتەنیاهوو و رژێمی ئیسرائیل، وەک هەمیشە، ئەجێندای خۆی هەیە بۆ ئەوەی ئەم شەڕە بکاتە بردنەوەیەک بۆ خۆیان لەسەر حیسابی هەمووان.