گوتەبێژی سوپای ئێران: سیستمی ئەمریکا لە ناوچەکە شکستیهێناوە

 
رووداو دیجتیاڵ

گوتەبێژی سوپای ئێران رایگەیاند، ئەو سیستمەی ئەمریکا لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروستی کردبوو، شکستی هێناوە و ئەمریکا چیدیکە ناتوانێت ئاسایشی خۆی و ئیسرائیلیش بپارێزێت.
 
ئەمیر ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی سوپای ئێران (ئەرتەش) لە گوتارێکدا رایگەیاند، "لە 50 ساڵی رابردوودا ئەمریکا لە رێگەی دامەزراندنی بنکەی سەربازی لە وڵاتانی ناوچەکە، کار بۆ چەسپاندنی هەژموونی خۆی دەکات بەڵام ئەو سیستمە ئەمڕۆ شکستی هێناوە."
 
سەبارەت بە هۆکاری تێکشکانی ئەو سیستمە گوتەبێژی سوپای ئێران دەڵێت، "توانیمان سەرجەم ئەو بنکانەی ئەمریکییەکانیان تێدابوو بخەینە ژێر ئاگر و بەشێکی زۆری دامەزراوەکانیان تێکبشکێنین؛ سەلماندمان چیدیکە کاریگەرییان نەماوە."
 
ئەکرەمی نیا رەخنەی لەو وڵاتە عەرەبیانە گرت پشتیان بە ئەمریکا بەستووە و رایگەیاند، ئەو وڵاتانەی ناوچەکە کە ساڵانێکی زۆر پارەی نەوتیان خەرج کرد تاوەکو ئەمریکا ئاسایشیان بۆ دابین بکات، ئێستا ئەمریکییەکان نەک ناتوانن ئاسایشی ئەوان، بەڵکو ناتوانن ئاسایشی خۆیان و تەنانەت ئیسرائیلیش بپارێزن.
 
بە گوتەی گوتەبێژی ئەرتەش، دابینکردنی ئاسایشی ئیسرائیل هەمیشە کاری لەپێشینەی ئەمریکا بووە، بەڵام ئێستا وڵاتانی عەرەبی تێگەیشتوون کە کڕینی چەکی ئەمریکی ئاسایشیان بۆ بەدی ناهێنێت.
 
ئەمیر ئەکرەمی نیا پێشبینیکرد کە دوای جەنگ، سیستمێکی نوێی ناوچەیی بێتە ئاراوە و گوتی، "شایەتی سیستمێکی نوێ دەبین، ئەوەش بێگومان بەبێ ئامادەیی ئەمریکا و بە بەشداریی وڵاتانی ناوچەکە خۆیان."
 
شەڕی هاوپەیمانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران چووەتە نێو رۆژی 18یەمەوە، بۆردوومانەکان لەلایەن هەردوولاوە بەردەوامە.