خەتیبزادە: ئاگربەستی کاتی رەتدەکەینەوە و دەبێ جەنگ بە یەکجاری بوەستێت
رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی هەر جۆرە ئاگربەستێکی کاتی رەتدەکاتەوە و داوا دەکات شەڕ لە تەواوی ناوچەکە بە یەکجاری بوەستێت.
رۆژی هەینی، 17-04-2026، سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەراوێزی دیداری دیپلۆماسیی ئەنتالیا لە تورکیا رایگەیاند: "هەر ئاگربەستێک بێتە ئاراوە، دەبێت هەموو ناوچەکانی ململانێ، لە لوبنانەوە تاوەکو دەریای سوور بگرێتەوە."
خەتیبزادە جەختی ئەوە بە "هێڵی سوور"ی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەزانێت و دەڵێت: "ئێمە هیچ ئاگربەستێکی کاتی قبووڵ ناکەین؛ پێویستە خولی ململانییەکان بە یەکجاری و بۆ هەمیشە لێرەدا کۆتایی پێبێت."
دوای 40 رۆژ جەنگ، 8ـی نیسانی 2026، ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لەنێوان ئەمریکا و ئێران راگەیێندرا. بە گوێرەی ئاگربەستەکە، پێویست بوو لە هەموو بەرەکان شەڕ بوەستێ، بەڵام ئیسرائیل پابەندی رێککەوتنەکە نەبوو و هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان چڕتر کردەوە.
ئێران پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە پێویستە ئاگربەستەکە لوبنانیش بگرێتەوە. دواجار بە نێوبژیوانی ئەمریکا، لوبنان و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەستێکی 10 رۆژە رێککەوتن کە لە ئەمڕۆ هەینییەوە چووە واری جێبەجێکردنەوە.
سەبارەت بە گرژییەکانی پەیوەست بە تەنگەی هورمز، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو رێڕۆوە ئاوییە بە درێژایی مێژوو هەمیشە کراوە بووە. سەعید خەتیبزادە گوتی: "تەنگەکە دەکەوێتە نێو سنووری ئاوە هەرێمییەکانی ئێران، بەڵام لە مێژەوە بواری هاتووچۆی تێدا رەخسێنراوە."
تەنگەی هورمز کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە، لە سەرەتای جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە لایەن ئێرانەوە داخراوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، لەمەودا کۆنترۆڵی تەنگەکە لە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەدا دەبێت و تەنانەت باس لە وەرگرتنی باج لەو کەشتیانەش دەکەن کە بە تەنگەکەدا تێپەر دەبن.
لە بەرامبەردا، ئەمریکا ئابڵۆقەی دەریایی بەسەر کەشتی و بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە. ئابڵۆقەکە لە ئێوارەی دووشەممەوە دەستیپێکردووە، ئەوەش گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتنی زیاتر کردووە.