قالیباف وەڵامی ترەمپ دەداتەوە: ئەگەر گەمارۆ بەردەوام بێت تەنگەی هورمز بە کراوەیی نامێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی ئەمریکا و دەڵێت، لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی رێککەوتن و ئێران "درۆن." هۆشداریش دەدات کە بەردەوامبوونی گەمارۆکان مەترسی لەسەر داخستنی تەنگەی هورمز دروست دەکات.
رۆژی شەممە 18ی نیسانی 2026 محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە وەڵامی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، "سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی یەک کاژێردا بانگەشەی بۆ 7 شت کرد کە هەر حەوتەکەیان درۆن." گوتیشی، "ئەوان بەم درۆیانە لە شەڕدا سەرنەکەوتن و بێگومان لە دانوستاندنیشدا ناگەنە هیچ ئەنجامێک."
سەبارەت بە چارەنووسی تەنگەی هورمز لە ئەگەری بەردەوامبوونی گوشارەکانی ئەمریکا، قالیباف هۆشدارییەکی تووندی دا و گوتی، "بە بەردەوامبوونی گەمارۆکە، تەنگەی هورمز بە کراوەیی نامێنێتەوە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لە باڵادەستیی وڵاتەکەی کردەوە لەو رێڕەوە ئاوییەدا و ئاماژەی بەوە کرد، هاتووچۆ لە تەنگەی هورمزدا لەسەر بنەمای "رێڕەوی دیاریکراو" و بە "مۆڵەتی ئێران" ئەنجام دەدرێت.
قالیباف ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری کۆتایی لای هێزە مەیدانییەکانە و گوتی، "کراوەیی یان داخرانی تەنگەکە و ئەو رێسا و یاسایانەی بەسەریدا جێبەجێ دەکرێن، 'مەیدان' دیارییان دەکات نەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان."
ئەم لێدوانانەی قالیباف لە کاتێکدایە، چەند خولەکێک پێش ئەوە لە فینێکسی ویلایەتی ئەریزۆنا لە وەڵامی ئەوەی کەی گەمارۆی تەنگەی هورمز کۆتایی پێدێت؟ ترەمپ جەختی کردەوە، "کاتێک رێککەوتنەکە واژۆ کرا، گەمارۆکەش کۆتایی پێدێت. هەر کە رێککەوتنەکە واژۆ کرا، دەستبەجێ گەمارۆکە لادەبرێت. کاتی کۆتاییهاتنی گەمارۆکە، کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکەیە."
هەروەها لەبارەی رێککەوتنیش، ترەمپ رایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆن و گوتی، "دانوستاندنەکان بەردەوامن و لە کۆتایی هەفتەشدا بەردەوام دەبن؛ زۆر شتی باش خەریکە روودەدەن، ئەوە لوبنانیش دەگرێتەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتن، یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران دەگوازنەوە بۆ ئەمریکا.