وەزیری ناوخۆی پاکستان لەگەڵ پزیشکیان و قالیباف کۆبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی پاکستان لە تاران لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار و محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە. پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، هەوڵە بەردەوامەکانی پاکستان بۆ نێوەندگیری و دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەنێوان ئێران و ئەمریکا، تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکان بوون.
رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، باڵیۆزخانەی پاکستان لە تاران ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان، نزیکەی سێ کاژێر لە نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران ئامادە بووە و دیدارەکەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان نزیکەی 90 خولەکی خایاندووە.
لە راگەیێندراوەکەی باڵیۆزخانەی پاکستاندا هاتووە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێرانیش لە دیدارەکەدا ئامادە بوون.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان لەو دیدارەدا رایگەیاندووە، ئەمریکا و ئیسرائیل بەنیاز بوون "گرووپە تیرۆریستییە چەکدارەکان لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوا و باشووری رۆژهەڵاتی ئێرانەوە" بنێرنە ناو خاکی ئێران، بەڵام وڵاتانی دراوسێ رێگەیان نەداوە خاکیان بەکاربهێنرێت. هەر لە بەر ئەوەش پزیشکیان سوپاسی حکومەتەکانی پاکستان، ئەفغانستان و عێراق دەکات.
بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، وەزیری ناوخۆی پاکستان هەروەها لەگەڵ محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە. قالیباف لە خولی یەکەمی دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد لە نێوان ئێران و ئەمریکا، سەرۆکایەتیی شاندی ئێرانی دەکرد.
میدیای ئێران بڵاویان کردەوە، سەرۆکی پەرلەمان لە دیدارەکەیدا لەگەڵ وەزیری ناوخۆی پاکستان گوتوویەتی، "شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەریخست کە بوونی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکەدا نەک هەر ئاسایش بەدی ناهێنێت، بەڵکو زەوینەی نائارامی دەڕەخسێنێت."
وەزیری ناوخۆی پاکستان هیوای خواستووە کە "ئیسلامئاباد بتوانێت دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بگەیێنێتە ئەنجام."
موحسین نەقەوی لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی پاکستان بۆ ئاسانکاری لە گفتوگۆکان و برەودان بە ئاشتیی ناوچەیی، سەردانی ئێرانی کردووە.
رۆژی شەممە، 16ـی ئایار، موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان بە سەردانێک گەیشتە تاران و لەگەڵ ئەسکەندەر موئمینی، هاوتا ئێرانییەکەی کۆبووەوە و "دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا"یان تاوتوێکرد.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی "مێهر"، لە دیداری وەزیرانی ناوخۆی ئێران و پاکستاندا، دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئاسۆی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی ئاشتی، گفتوگۆی ورد کراوە. لەم دانیشتنەدا هەروەها باسی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا کرا، لەوانە ئاشتیی بەردەوام لە ناوچەکە و دوایین گۆڕانکارییە ناوچەییەکان.
بەگوێرەی میدیای ئێران، ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران لە دیدارەکەدا، ستایشی هەوڵە دڵسۆزانە و بەرپرسیارانەکانی ژەنەڕاڵ "عاسم مونیر"ی کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و رێزی لە رۆڵی بنیاتنەرانەی پاکستان گرتووە لە برەودان بە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەدا.