فەرماندەی پۆلیسی ئێران: لە سەرەتای شەڕەوە زیاتر لە 6,500 سیخوڕ دەستگیرکراون
رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەدڕەزا رادان، فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران رایدەگەیێنێت ، لە سەرەتای شەڕ لەگەڵ لایەنی ئەمریکایی و ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 6,500 سیخوڕ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
رۆژی یەکشەممە، 17ی ئایاری 2026، ئەحمەدڕەزا رادان، فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی، ئامارێکی نوێی لەبارەی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی "سیخوڕی" دەستبەسەرکراون خستەڕوو و گوتی : "لە سەرەتای شەڕەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 6,500 کەس لە خۆفرۆشان و سیخوڕەکان دەستگیرکراون، کە 567 کەسیان پەیوەندییان بە دۆسیە تایبەتەکانی وەک دووڕووان، تێکدەران و تاقمە نەیارەکانی دەسەڵاتەوە هەبووە."
فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران ئاماژە بە خۆپێشاندانەکانی کۆتایی ساڵی 2025 و سەرەتای ساڵی 2026 دەکات و دەڵێت، دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە خۆپێشاندانەکاندا بەشدارییان کردبوو -کە ئەو بە "ئاژاوەگێڕ و سەربازی نیشتمانفرۆش" ناویان دەبات- هێشتا بەردەوامە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوێنێ شەممە بە بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لەژێر ناوی "کارنامەی دەسەڵاتی داد لە 77 رۆژی رابردوودا" رایدەگەیێنێت کە لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا 30 کەس لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدا لەسێدارە دراون. بەگوێرەی راپۆرتی دەسەڵاتی دادی ئێران، تاوانی 10 کەس لە لەسێدارەدراوەکان "سیخوڕی" بووە و هۆکاری لەسێدارەدانی ئەوانەی دیکەشی بۆ بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان و "تیرۆر" گەڕاندووەتەوە.
ئەم ئامارە لە کاتێکدایە کە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێرانی دەڵێن، حکومەتی ئێران تاوەکو ئێستا لانیکەم 32 زیندانیی سیاسی یان ئەمنیی لەسێدارە داوە. لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بە سزای دیکە بۆ دەستگیرکراوەکان کراوە، لەوانە: دەرکردنی سزای زیندانیی درێژخایەن بۆ 36 کەس، دەستبەسەرداگرتنی 262 موڵک و خانووبەرە، و زەوتکردنی دارایی زیاتر لە 400 پەیامنێر و رۆژنامەنووس.
لە 28ی شوباتی 2026ەوە جەنگی ئەمریکایی /ئیسرائیل لە دژی ئێران دەستپێکرد و 40 رۆژی خایاند. دواتر لە 8ی نیسانی 2026، ئێران و ئەمریکاییەکان لەسەر ئاگربەستێکی کاتیی 2 هەفتەیی و دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان رێککەوتن، بەڵام ئاگربەستەکە تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025ەوە لە بازاڕی تاران خۆپێشاندان دژی گرانی دەستی پێکرد و دواتر تەواوی ئێرانی گرتەوە؛ دەسەڵاتدارانی تاران لایەنی ئەمریکایی و ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دەستیان لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکاندا هەبووە.
فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران باسی لە بەرەنگاربوونەوەی توندی هێزەکانی پۆلیس لەگەڵ دزەکان لە ماوەی جەنگی 40 رۆژەدا کرد و گوتی : "تاوەکو ئێستا 166 دزی چەکدار بە تەقەی راەستەوخۆ پەکخراون و دەستگیرکراون؛ ژمارەیەکیان لێ کوژراون و دەست بەسەر 100 پارچە چەکیشیاندا گیراوە."