رۆژهەڵات و رۆژئاوای تاران بۆردوومان دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
جارێکی دیکە دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە تاران بیسترا؛ میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، تەقینەوەکە تایبەتە بە شاری قودسی سەر بە پارێزگاکە.
 
لە درێژەی پێکدادانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کاژێر 05:45 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 17-06-2025، میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، لە پارێزگای تاران دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بیسترا.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، تەقینەوەکە لە شاری قودسی سەر بە پارێزگاکە روویداوە و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سوپا بۆ بەرپەرچدانەوە کاراکراوە.
 
شاری قودس کە لە رۆژئاوای تاران هەڵکەوتووە، چەندین بنکەی سەربازی و هەواڵگریی گرنگی لێ دەبینرێت؛ لەوانەش بنکەکانی سەربازیی وەلی عەسر، موخبیری و قەرارگەی ساروڵڵای سوپای پاسداران.
 
هەروەها فڕۆکەخانەی پەیامی کەرەج و ژمارەیەک لە گرنگترین کۆگەکانی لۆجیستی و پشتیوانیی سوپا لەو شارە هەڵکەوتوون.
 
بنکەی مەلاردیش کە یەکێک لە دامەزراوە مووشەکییە سەرەکییەکانی ئێرانە، دەکەوێتە رۆژئاوای شاری قودس کە پێشتریش لەلایەن ئیسرائیلەوە کرابووە ئامانج.
 
لە لایەکی دیکە، ڤیدیۆ بڵاوکراوەتەوە کە ئیسرائیل رۆژهەڵاتی تاران بۆردوومان دەکات؛ دووکەڵ ئاسمانی گرتووەتەوە.
 
لەگەڵ بیستنی دەنگی تەقینەوە لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، سوپای پاسدارانیش ناوە ناوە بە درۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل.
 
جەنگی نێوان تەلئەڤیڤ و تاران لە بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.