سێ ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی پزیشکیان پەکیان کەوت و بە تاکسی چووە تەورێز

رووداو دیجیتاڵ

پشکێنەری تایبەتی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، بەهۆی خراپی کوالێتیی بەنزین، ئۆتۆمبێلی سەرۆککۆمار تێکچووە، بۆیە بە تاکسی چووەتە تەورێز.
 
شەوی چوارشەممە، 16ی تەمموزی 2025، مستەفا مەولەوی، پشکێنەری تایبەتی (پشکنەری تەکنیکی) سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "دوای ئەوەی مەسعود پزیشکیان ویستی بە سەردانێکی کتوپڕ بچێتە تەورێز، لە رێگەدا کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی پەکیان کەوتووە، بۆیە بە تاکسی چووەتە ئەو پارێزگایە."
 
مستەفا مەولەوی گوتی، "لە شەقامی رەشت کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆککۆمار، کە سێ ئۆتۆمبێل بوونە، بەنزینیان تێکردووە پاش کەمێک هەر سێ ئۆتۆمبێلەکە پەکیان کەوتووە، بەڵام سەرۆککۆمار نە پەیوەندی بە پارێزگارەوە کرد و نە هیچ  رێوشوێنێکی فەرمی گرتەبەر، بەڵکو بە تاکسی چووە تەورێز."
 
مستەفا مەولەوی ئاماژەی بەوەدا، دەرکەوتبوو ئەو بەنزینەی لە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆککۆمار کراوە، ئاوی تێدابووە و کوالێتیی خراپ بووە.
 
مستەفا مەولەوی گوتی: "دوای ئەوەی پەیوەندیمان بە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان کرد دەرکەوت ئەو شوێنە پێشتریش بەهۆی خراپی بەنزینەکەی سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە."
 
لە ئێران رۆژانە لە نێوان 110 تاوەکو 112 ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دێت و بەکارهێنان لە هەندێک رۆژدا دەگاتە 140 ملیۆن لیتر. حکومەتی ئێران دەڵێت، "بەکارهێنانی بەنزین زۆرە" و بەناچاری "پارەیەکی زۆر" بۆ هاوردەکردنی خەرج دەکەن.
 
حکومەتی ئێران مانگانە 60 لیتر بەنزین بە نرخی حکومیی 1500 تمەن دەداتە شۆفێران، هەروەها هەر شۆفێرێک دەتوانێت بڕی 100 لیتر بەنزینی ئازاد بە نرخی 3000 تمەنیش بکڕێت.