تەقینەوەیەک لە شاری ئەهوازی ئێران روویدا و 5 کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
تەقینەوەیەک لە باڵەخانەیەکی شاری ئەهواز، ناوەندی پارێزگای خوزستان لە باشووری رۆژئاوای ئێران روویدا و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، پێنج کەس کوژراون. بەرگریی شارستانیی شارەکە دەڵێ، تەقینەوەی گاز بووە.
رۆژی چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، بابەک رەبیعی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئەهواز رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەقینەوەیەک لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی چوار نهۆمی لە گەڕەکی پەردیسی شاری ئەهواز روویدا.
بابەک رەبیعی گوتی: "تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگریی شارستانی بە زووترین کات گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و هێزەکانی پۆلیس لە ناوچەکە بڵاوەیان پێکرا."
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئەهواز دەڵێ: "لە رووداوەکەدا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە کە چواریان پیاو و ئەوی دیکەیان ژنە، دوو کەسی دیکەش برینداربوون."
دەشڵێت، ئەگەری ئەوە هەیە هێشتا کەسێک لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکە مابێ، بۆیە تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگریی شارستانی لە شوێنی رووداوەکەن و پرۆسەی پشکنین و گەڕان لە نێو داروپەردووی باڵەخانەکە بەردەوامە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئەهواز، تەقینەوەکە زۆر بەهێز بووە و باڵەخانە چوار نهۆمییەکەی بە تەواوی خاپوور کردووە، هەروەها زیانێکی زۆری بە باڵەخانە و ماڵەکانی دەوروبەری گەیاندووە.
سەبارەت بە هۆکاری تەقینەوەکە، بابەک رەبیعی رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە دەستیپێکردووە و بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان، تەقینەوەکە بە هۆی لێچوونی گازەوە بووە.