ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی ئەهواز بۆ 7 کەس بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی جوندی شاپووری شاری ئەهوازی ئێران رایگەیاند، لە تەقینەوەی باڵەخانە چوار نهۆمییەکەی شارەکەدا 7 کەس گیانیان لەدەستداوە و 3 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئەیلوولی 2025، کاژێر 05:00ی بەرەبەیان بەکاتی تاران (05:30 بە کاتی هەولێر) تەقینەوەیەکی بەهێز لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی چوار نهۆمی لە گەرەکی پەردیسی شاری ئەهوازی ئێران روویدا.
مێهران ئەحمەدی بەلووتەکی، بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی جوندی شاپووری شاری ئەهوازی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لە رووداوی تەقینەوە لە باڵەخانە چوار نهۆمییەکەدا حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە کە 4 پیاو، ژنێکی تەمەن 40 ساڵ، کچێکی تەمەن 15 ساڵ و منداڵێکی کوڕی تەمەن 1.5 ساڵن.
بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی جوندی شاپووری ئەهواز دەڵێ، لە رووداوەکەدا سێ کەسیش برینداربوون کە دوویان ژنن (یەکێکیان کچێکی تەمەن 15 ساڵ و ئەوی دیکەیان ژنێکی تەمەن 40 ساڵە) و ئەوی دیکەیان پیاوە.
پێشتر بابەک رەبیعی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئەهواز رایگەیاندبوو: "لە رووداوەکەدا 5 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 4یان پیاو و ئەوی دیکەیان ژنە؛ دوو کەسی دیکەش برینداربوون."
سەبارەت بە هۆکاری تەقینەوەکە، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئەهواز رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە دەستیپێکردووە، بەڵام بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان، تەقینەوەکە بە هۆی لێچوونی گازەوە بووە.