بەندکراوێک لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لەسێدارەدرا
رووداو دیجیتاڵ
ئێران بەندکراوێکی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لەسێدارەدا و کەسوکارەکەی دەڵێن، بەهۆی ناردنی نامەیەک بۆ سەرۆکی ئۆکراینا دەستبەسەر کراوە و سزا دراوە.
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە گرتووخانەی قزلحەساری کەرەج، سزای لەسێدارەدانی بابەک شەهبازی جێبەجێ کراوە.
شەهبازی لە رۆژانی سەرەتای ساڵی 2024 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا و بەپێی راپۆرتی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، بەهۆی پیشەکەی توانیویەتی زانیاریی هەستیار و نهێنی لەبارەی دامودەزگا ئەمنی و پەیوەندیدارەکانی ئێران بداتە ئیسرائیل. بابەک شەهبازی کاری دامەزراندنی سیستمی فێنککەرەوەی کردووە.
کەسوکارەکەی رەتیدەکەنەوە بابەک شەهبازی سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل کردبێت و دەڵێن، دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نامەیەکی بۆ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ناردووە و تێیدا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە تاوەکو بچێتە ئۆکراینا و دژی رووسیا شەڕ بکات، دەستبەسەر کراوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت، بابەک شەهبازی بەهۆی نووسینی ئەو نامەیە بۆ زیلینسکی دەستبەسەر کراوە و 9 مانگ لەژێر لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدا بووە، بۆئەوەی دان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل بنێت.
لە دوای جەنگی ئێران و ئیسرائیلەوە، لانیکەم 8 بەندکراو لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لەسێدارە دراون. رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش رایگەیاندووە، لە ساڵی 2025دا لانیکەم 940 کەس لەسێدارە دراون.