بۆ دەربازبوون لە وشکەساڵی ئێران مادەی کیمیایی بە هەوردا دەکات تاوەکو باران ببارێت
رووداو دیجیتاڵ
وەکو دوا هەنگاو بۆ دەربازبوون لە وشکەساڵی و ئەو قەیرانی ئاوەی وڵاتەکە رووبەڕووی بووەتەوە، ئێران بە مادەی کیمیایی هەوری پرژاند، ئەمەش وەکو هەوڵێک بۆ ئەوەی باران ببارێت و ئەو وڵاتە لەدەست قەیرانی کەم ئاوی رزگاربکات. پسپۆڕان دەڵێن، ئەو وشکەساڵییەی ئێران رووبەڕووی بووەتەوە، لە 50 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە، ئەم پرۆسەیە رۆژی شەممە لەسەر دەریاچەی ورمێ تاقیکراوەتەوە. ئەو دەریاچەیەش، گەورەترین دەریاچەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا بەشێکی زۆری وشک بووە و رێژەیەکی زۆری خوێی بەجێهێشتووە.
بەگوێرەی ئاژانسی کەشناسیی ئێران، رێژەی بارانبارین لە نزمترین ئاستدایە و عەمبارەکانیش خەریکە بەتاڵ دەبن. هەفتەی رابردوو، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، هۆشداری دا ئەگەر بەمزووانە باران نەبارێت، ئەوا ئاوی یەدەگی شاری تاران، بەرەو نەمان دەچێت و خەڵک ناچار دەبێت پایتەخت چۆڵ بکەن.
تۆوی هەور بریتییە لە لێدانی خوێی کیمیایی لەوانە یۆدی زیو و پۆتاسیۆم بۆ ناو هەورەکان لەڕێگەی فڕۆکە یان لەڕێگەی موەلیدەکان و ئەوەش هەڵمی ئاو بە ئاسانی چڕ دەکاتەوە و دەبێتە باران.
ئەم تەکنیکە دەیان ساڵە هەیە و ئیمارات لەم ساڵانەی دواییدا بەکاری هێناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاویی.
ئاژانسی کەشناسیی ئێران رایگەیاندووە، ئەم ساڵ رێژەی بارانبارین بەراورد بە رێژەی درێژخایەنی ساڵانی رابردوو، 89٪ کەمی کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی کەشناسیی ئێران، وڵاتەکە "ئێستا بە وشکترین ورزی پاییزدا لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا تێدەپەڕێت".
هەروەها دەسەڵاتدارانی ئێران، هۆشدارییان داوە بەوەی سزای هەموو ئەو ماڵ و بازرگانانە دەدەن کە بڕێکی زۆر ئاو بەکاردەهێنن.
ئەحمەد وەزیفە، سەرۆکی سەنتەری نیشتمانیی ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی کەشوهەوا و وشکەساڵی رایگەیاند، بەنداوەکانی تاران، ئازەربایجانی رۆژهەڵات و ئازەربایجانی رۆژئاوا لە دۆخێکی خراپدان.
رۆژی هەینی، سەدان کەس لە مزگەوتێکی تاران کۆبوونەوە بۆ نوێژی بارانبارین. پاشان کەشناسانیی ئێران رایانگەیاند، رێژەیەکی کەم باران لە ناوچەکانی رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای تاران باریوە.
ئەم پاییزە ئێران بە گشتی و شاری تارانی پایتەخت بەتایبەتی رووبەڕووی وشکەساڵییەکی بێ وێنە بووەتەوە و بەرپرسانیش داوایان لە هاووڵاتییان کردووە دەست بە ئاوەوە بگرن، چونکە تاوەکو دێت قەیرانی ئاو قووڵتر دەبێتەوە.
بەڕێوبەری بەنداوی لاتیان کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی تاران دەڵێت، ئێستا بەنداوەکە کەمتر 10٪ی توانای خۆی ئاوی تێدایە. بەنداوی کەرەج کە ئاو بۆ هەردوو پارێزگای تاران و ئەلبوورز دابین دەکات، بە هەمان شێوە لە دۆخێکی خراپدایە.
محەمەد عەلی موعەللیم، بەڕێوەبەری بەنداوی کەرەج دەڵێت، رێژەی بارانبارین بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و "بەراورد بە ساڵی پار 92٪ رێژەی بارانبارین کەمیکردووە. تەنیا 08٪ ئاو لە عەمبارەکەماندا ماوە و ئەوەشی ماوە زۆربەی بەکارناهێنرێن و بە ئاوی مردوو دادەنرێن."